1 کاتژمێر پێش ئێستا
39 جار خوێنراوەتەوە
گفتوگۆكانی تاران و واشنتۆن، پەیوەندییەكانی ئەمریكا و ئیسرائیلى ئاڵۆز کردووە
پەیام
بەهۆی گفتوگۆكانی تاران و واشنتۆنەوە، پەیوەندییەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل ئاڵۆز بووە و ناكۆكییان لەسەر خاڵەكان هەیە، ئەمریكا كۆتاییهێنانی دەوێت و ئیسرائیلیش لەگەڵ نییە.
سەرچاوە هەواڵییەكانی قەوارەی زایۆنی ئاشكرایان كردووە، كە لە كۆی (15) خاڵەكەی ئەمریكا، لەسەر (3) خاڵی سەرەكی ناكۆكیی توند هەیە. ئەم خاڵانە پەیوەستن بە داڕشتنەوەی داهاتووی بەرنامە مووشەكییەكەی ئێران، چۆنیەتی گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو و شێوازی سووككردنی سزاكان كە تەلئەبیب بە مەترسیی دەزانێت.
لە بەرانبەردا، تاران مەرجی قورسی بۆ واشنتن داناوە و داوای كردووە پێش هەر دانیشتنێك، ئەمریكا لە (15) داواكارییەكەی پاشەكشە بكات.
بەرپرسانی ئێران ڕەتیان كردووەتەوە گفتوگۆ لەسەر بەرنامە مووشەكییەكەیان بكەن یان بە شێوەیەكی هەمیشەیی پیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرن، لەبەرانبەردا داوای گەرەنتییەكی نێودەوڵەتی دەكەن بۆ ئەوەی هێرشەكان دووبارە نەبنەوە.
ماركۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، ئاماژەی بەوە كردووە كە لە ئاڵۆگۆڕی پەیامەكان لەگەڵ ئێران پێشكەوتنیان بەدەست هێناوە، بەڵام پرۆسەكە بەردەوامە و نایەوێت لە میدیاكاندا بڕیاری پێشوەختە بدات.
ناوبراو دۆخەكە بە هەستیار ناو دەنێت و پێی وایە دەبێت چاوەڕێی ئەنجامی كۆتایی ئەو نامەگۆڕینەوە نهێنییانە بكەن.
بەپێی میدیای زایۆنی، بەرپرسانی قەوارەی داگیركەر گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی كە دۆناڵد ترەمپ بەم زووانە هەوڵی كۆتاییهێنان بە شەڕەكە دەدات. هەروەها سوپای زایۆنی پێی وایە تەنیا لەم قۆناغەدا توانا سەربازییەكانی ئێرانیان بە ڕادەیەكی بەرچاو كەم كردووەتەوە و ئۆپەراسیۆنەكەیان بە سەركەوتوو ناو دەبەن و دەیانەوێ بەردەوام بن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە