2 کاتژمێر پێش ئێستا
155 جار خوێنراوەتەوە
شەپۆلێکى چڕى باران هەرێمى کوردستان دەگرێتەوە و هۆشدارى دروستبوونی لافاو دەدرێت
پەیام
بەهۆی قووڵبوونەوەی نزمەپاڵەپەستۆیەکی بەهێز، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا شەپۆلێکی چڕى باران و تەرزە عێراق و هەرێم دەگرێتەوە؛ مەترسیی لافاو لە گەرمیان و دیالە هەیە و پێشبینی دەکرێت لە سلێمانی و گەرمیان نزیکەى ٨٥ ملیم باران ببارێت.
دوای ماوەیەک لە ئارامیی کەشوهەوا، شارەزایانی کەشناسی ئاماژە بەوە دەکەن کە نزمەپاڵەپەستۆکەی ناوەڕاستی عێراق قووڵتر دەبێتەوە و خێرایی با چالاک دەبێت. چاوەڕوان دەکرێت لە کاتەکانی نزیک ئێوارەی ئەمڕۆ، پێنجشەممە ٢٦ی ئاداری ٢٠٢٦، کاریگەریی ئەم شەپۆلە بگاتە هەرێمی کوردستان و سەرەتا بە بارانی مامناوەند دەست پێ بکات، بەڵام بە تێپەڕینی کات و نزیکبوونەوە لە نیوەی شەو، ناجێگیرییەکە بەهێزتر دەبێت و هەورەبرووسکەی توند ناوچە جیاوازەکان دەگرێتەوە.
بەپێی پێشبینییەکان، سنووری ئیدارەی گەرمیان، پارێزگای دیالە و باشووری کەرکوک لە پلەی یەکەمی مەترسیدان؛ لەم ناوچانەدا ئەگەری دروستبوونی هەوری "سوپەرسێڵ" هەیە کە با و بارانی زۆر بەخوڕ و تەرزەی بەهێزی لەگەڵ دەبێت، ئەمەش مەترسیی دروستبوونی لافاوی گەورەی لێ دەکرێت. لە پلەی دووەمدا، پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و سەنتەری کەرکوک دێن کە بارانی توندیان لێ دەبارێت، بەڵام بەراورد بە ناوچەکانی پێشوو مەترسییەکانی لافاو و تەرزە تێیاندا کەمتر دەبێت.
سەبارەت بە بڕی بارانبارین، محەمەد کەمال، شارەزای کەشناسی، ڕایگەیاندووە کە تەنها لە ماوەی ئەمڕۆدا پێشبینی دەکرێت لە پارێزگای سلێمانی نزیکەی ٨٥ ملیم و لە ناوچەی گەرمیانیش نزیکەی ٨٠ ملیم باران ببارێت. ئەمە لەکاتێکدایە کە بۆ ناوچەکانی تری وەک هەولێر، دهۆک، ئیدارەکانی سۆران و ڕاپەڕین، بارانبارینەکە بە گشتی لە نێوان مامناوەند بۆ کەم دەبێت و تەنها لە هەندێک شوێنی سنوورداردا ڕێژەکە زیاتر دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتى هاتووچۆى سلێمانیش هۆشدارى بە شۆفێران داوە کە شۆفێران خۆیان بەدووربگرن لە شۆفێری کردن لە ڕێگاوبانەکانی دەرەوەی شارەکانی هەرێمی کوردستان و دەرەوەی هەرێمی کوردستان و ڕوو نەکەنە ناوچەکانی سەیرانگاکان و شاخاوییەکان
هاتووچۆى سلێمانی ڕایگەیاند، ئاگاداری شۆفێرانی بەڕێز دەکەین کە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە و هەینی ئەگەری بوونی لێزمەبارینی چڕ و بەخوڕ و تەرزە لە هەندێک جێگاو هەورەتریشقە و بەرزبوونی ئاستی ئاوی باران لە چەندین جێگادا. باشتر و سەلامەت دیکە وایە شۆفێران خۆیان بەدووربگرن لە شۆفێری کردن لە ڕێگاوبانەکانی دەرەوەی شارەکانی هەرێمی کوردستان و دەرەوەی هەرێمی کوردستان و ڕوو نەکەنە ناوچەکانی سەیرانگاکان و شاخاوییەکان.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە