2 کاتژمێر پێش ئێستا
135 جار خوێنراوەتەوە
حکومەتى تورکیا کۆ دەبێتەوە و پرسى پەکەکە و کچە کوردێک لە کۆبوونەوەکە تاوتوێ دەکرێن
پەیام
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی تورکیا بە سەرۆکایەتیی ئەردۆغان کۆدەبێتەوە؛ پرسی بێسەروشوێنبوونی کچە کوردێک و، پاراستنی ناوەندەکانی خوێندن و دوایین پێشهاتەکانی پڕۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکە، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە دەبن.
بەپێی راگەیەنراوی حکومەتى تورکیا، ئەمڕۆ دووشەممە، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتى ئەردۆغان بەڕێوەدەچێت و. یەکێک لە دیارترین تەوەرەکانی ئەم کۆبوونەوەیە تاوتوێکردنی دۆسیەی (گوڵستان دۆکۆ) یە؛ ئەو کچە قوتابییە کوردەی لە ساڵی ٢٠٢٠ـەوە لە زانکۆی دێرسیم بێسەروشوێنە و تا ئێستاش چارەنووسی نادیارە.
لە کۆبوونەوەکەدا، وەزارەتی داد و دەزگای هەواڵگریی تورکیا نوێترین ڕاپۆرت و پێشهاتەکانی ئەو دۆسیەیە دەخەنە ڕوو، بەتایبەت دوای ئەوەی بەهۆی دەستگیرکردنی چەند گومانلێکراوێک و دەستبەسەرکردنی پارێزگاری پێشووی دێرسیم، لێکۆڵینەوەکان چوونەتە قۆناغێکی نوێوە. پێشبینی دەکرێت حکومەت بڕیاری یەکلاکەرەوە لەبارەی ئەم دۆسیەیەوە بدات کە لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی دەنگدانەوەی زۆری هەبووە.
هاوکات پرسی پاراستنی ناوەندەکانی خوێندن بەشێکی دیکەی کارنامەی کۆبوونەوەکە دەبێت. دوای ئەو هێرشانەی لە شارەکانی (ڕحا و مەڕەش) کرانە سەر قوتابخانەکان و بوونە هۆی گیانلەدەستدانی ١٠ قوتابی، بڕیارە ئەنجوومەنی وەزیران پاکێجێکی ئەمنی تایبەت بۆ پاراستنی ناوەندەکانی خوێندن پەسند بکات.
لە لایەکی دیکەوە، تەوەری سیاسیی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە تاوتوێکردنی ڕاپۆرتە مەیدانییەکان سەبارەت بە پرۆسەی چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە). حکومەتی تورکیا لەم کۆبوونەوەیەدا هەنگاوە یاساییەکان و ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی ئاشتی لە وڵاتدا هەڵدەسەنگێنێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە