1 کاتژمێر پێش ئێستا 111 جار خوێنراوەتەوە

ئێران دەیەوێت دۆسیەى ئەتۆمی دوابخرێت و گەرووی هورمز بکرێتەوە

په‌یام

ئێران لە ڕێگەی پاکستانەوە پێشنیازێکی نوێی بۆ جیاکردنەوەی دۆسیەی ناوکی لە پرسی کۆتاییهێنان بە شەڕ و کردنەوەی گەرووی هورمز خستە بەردەم ئەمریکا، بەڵام واشنتن هێشتا جەخت لە دۆسیەی یۆرانیۆم دەکاتەوە و دەیەوێت لە پێشینەى خاڵى گفتوگۆکان بێت. 

ئێران لە هەوڵێکی نوێدا بۆ شکاندنی بەربەستەکانی بەردەم گفتوگۆ ڕاستەوخۆکان، پێشنیازێکی سێ قۆناغیی پێشکەش بە واشنتن کردووە. بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" ی ئەمریکی، تاران داوای جیاکردنەوەی دۆسیەکان دەکات؛ بەجۆرێک لە قۆناغی یەکەم و دووەمدا کۆتایی بە شەڕ بهێنرێت و گەرووی هورمز بکرێتەوە، پاشان لە قۆناغی سێیەمدا پرسی بەرنامە ناوکییەکەی تاوتوێ بکرێت. ئەم پێشنیازە لە کاتی سەردانەکەی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ ئیسلام ئاباد گەڵاڵە کراوە. 

لە بەرانبەردا، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هێشتا بە گومانەوە لەم هەنگاوە دەڕوانێت. سەرچاوە ئەمریکییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە واشنتن سوورە لەسەر ئەوەی "کلیلی" هەر ڕێککەوتنێک پرسی یۆرانیۆمە و پێویستە لە دەستپێکی کۆبوونەوەکانەوە باسى لێوە بکرێت و پرسى یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران یەکلایی بکرێتەوە. 

شرۆڤەکارانی نزیک لە پارتی کۆماری دەڵێن: ئەمریکا نایەوێت پێش چارەسەرکردنی پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم، هەنگاو بەرەو کەمکردنەوەی فشارەکان بنێت، چونکە مەترسییان هەیە تاران ئەو دەرفەتە بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی هێزە سەربازییەکانی بەکاربهێنێت و دواتر لە پرسى یۆرانیۆم نەگەنە ڕێکەوتن و دەرگا بۆ بژاردەى سەربازی بکرێتەوە. 

ئێران لە بەرانبەر هەر هەنگاوێکدا داوای هەڵگرتنی سزاکان، قەرەبووی شەڕ و ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکانی دەکات. لە کاتێکدا عێراقچی ئاماژەی بە نەبوونی کۆدەنگیی ناوخۆیی لە تاران سەبارەت بە داواکارییەکانی ترەمپ کردووە، بەڵام پێشنیازە نوێیەکەی وەک هەوڵێک بۆ تێپەڕاندنی ئەو دابەشکارییە دەبینرێت. هاوکات عومان و پاکستان وەک دوو نێوەندگیری سەرەکی کار بۆ نزیککردنەوەی دیدگاکان دەکەن، بەڵام گرێکوێرەی سەرەکی هێشتا ئەوەیە: ئایا سەرەتا گەرووی هورمز دەکرێتەوە یان دۆسیەی یۆرانیۆم دادەخرێت؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

  • 1 کاتژمێر پێش ئێستا

    سعوودیە: پاڵپشتی ھەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکە دەکەین

  • 1 کاتژمێر پێش ئێستا

    ئێران دەیەوێت دۆسیەى ئەتۆمی دوابخرێت و گەرووی هورمز بکرێتەوە

  • 5 کاتژمێر پێش ئێستا

    ئێران پێشنیازێکى لە ڕێگەى پاکستانەوە ئاڕاستەى ئەمریکا کردووە

  • 21 کاتژمێر پێش ئێستا

    وەزیری دەرەوەی ئێران دوابەدوای سەردانەكەی بۆ عومان گەڕایەوە پاكستان

  • 21 کاتژمێر پێش ئێستا

    دەست بەدادگاییكردنی بەرپرسانی ڕژێمی پێشووى سووریا کرا

  • 21 کاتژمێر پێش ئێستا

    ڕۆژنامەی تایمز: زیاتر لە 600 كەشتی بازرگانی لە گەرووی هورمزدا گیریان خواردووە

  • 21 کاتژمێر پێش ئێستا

    ئێران: گەرووی هورمز لە ژێر هیچ بارودۆخێكدا ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێشووی

  • 1 رۆژ پێش ئێستا

    ئێران کەسێکى بە تۆمەتى ئەندامبوون لە گرووپی چەکدار له‌سێداره‌ دا

سەرەتا