2 کاتژمێر پێش ئێستا
94 جار خوێنراوەتەوە
سعوودیە: پاڵپشتی ھەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکە دەکەین
وەزیری دەرەوەی سعوودیە، فەیسەڵ بن فەرحان ڕایگەیاند، پاڵپشتی لەو ھەوڵانە دەکەن کە بە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژییەکان و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی لە ناوچەکە، خراونەتەگەڕ.
وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە لە چەند ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە فەیسەڵ بن فەرحان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا پێشھاتەکانی دۆخی ناوچەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عەراقچی تاوتوێکردووە و ڕایگەیاندووە، پاڵپشتی لەو ھەوڵانە دەکەن کە بە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژییەکان و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی لە ناوچەکە، خراونەتەگەڕ.
لە ڕاگەیاندراوەکاندا باس لەوەش کراوە کە وەزیری دەرەوەی سعوودیە و جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی گفتوگۆیان کردووە لەبارەی پێشھاتەکانی دۆخی ناوچەکە و ھەوڵە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو وڵات بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی لە ناوچەکە.
ھەر بەپێی ڕاگەیاندراوەکانی وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە، فەیسەڵ بن فەرحان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەحرێن عەبدولـلەتیف زەییانی قسەی کردووە و لە میانیدا پێشھاتەکانی دۆخی ئێستای ناوچەکەیان تاوتوێ کردووە.
لە ڕاگەیاندراوەکاندا ئەوەشخراوەتەڕوو کە وەزیری دەرەوەی سعوودیە، فەیسەڵ بن فەرحان و ھەڵسوڕێنەری کاروبارەکانی وەزارەتی دەرەوە لە حکوومەتی ئەفغانستان، ئەمیرخان موتەقی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییدا، باسیان لە پێشھاتەکانی دۆخی ناوچەکەیان کردووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە