1 کاتژمێر پێش ئێستا
132 جار خوێنراوەتەوە
بۆ دەستبەكاربوونی حکومەتى نوێ، زەیدى کارنامەکەى ڕادەستی حەلبووسی كرد
پەیام
وەك هەنگاوێكی سەرەتایی بۆ وەرگرتنی متمانە و دەستبەكاربوونی كابینە نوێیەكەی عێراق، سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراو، بەرنامەی كاری حكومەتەكەی ڕادەستی سەرۆكی پەرلەمان كرد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراو دوێنێ لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، عەلی فالح زەیدی، لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ هەیبەت حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمان، كارنامەی وزاریی حكومەتی داهاتووی پێشكەش كردووە.
ئەم هەنگاوە بە مەبەستی ئاگاداربوونی پەرلەمانتارانە لە وردەكاریی بەرنامەی حكومەت پێش ئەوەی دانیشتنی تایبەت بۆ پێدانی متمانە ڕێك بخرێت.
لە كۆبوونەوەكەدا، زەیدی ئاماژەی بەوە كرد، بەمزووانە ناوی كاندیدی وەزارەتەكانیش پێشكەش بە سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكرێت و هەردوولا جەختیان لە پێویستی هەماهەنگی نێوان دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن كردەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە و تەواوكردنی شایستە دەستوورییەكان.
زەیدی جەختی كردەوە، ئەم كارنامەیە دەبێتە بنەمای سەرەكی كارەكانی حكومەت لە قۆناغی داهاتوودا بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان.
پێشكەشكردنی ئەم كارنامەیە لە كاتێكدایە، كە جموجۆڵە سیاسییەكانی لایەنەكانی ناو "چوارچێوەی هەماهەنگی" بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستە وزارییەكان گەیشتووەتە قۆناغێكی یەكلاكەرەوە.
ئێستا گفتوگۆكان زیاتر لەسەر وەزارەتە سیادییەكان چڕبوونەتەوە تاوەكو پێش دانیشتنی پەرلەمان، هەموو لایەنەكان لەسەر دابەشكردنی پشكەكان بگەنە ڕێككەوتنی كۆتایی. چاوەڕوان دەكرێت بەهۆی ئەم هەنگاوە نوێیەی زەیدییەوە، لە چەند ڕۆژی كەمی داهاتوودا كاتی دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر كابینە نوێیەكە دیاری بكرێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە