1 کاتژمێر پێش ئێستا
149 جار خوێنراوەتەوە
ئەمڕۆ یەکەم کاروانی حاجییانی سلێمانی بەرەو سعودییە بەڕێدەکەون
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێم ڕایگەیاند، تا ئێستا زیاتر لە هەزار حاجی گەیشتوونەتە مەککە و ئەمڕۆش یەکەم کاروانی سلێمانی بەڕێ دەکەوێت؛ پرۆسەی گواستنەوەی حاجیان بەبێ گرفت بەردەوامە و تا ١٧ی ئایار کۆتایی دێت.
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەوە بڵاویکردەوە، تاوەکو ئەمڕۆ دووشەممە ٩ی ئایاری ٢٠٢٦، زیاتر لە هەزار حاجیی کوردستان بە سەلامەتی گەیشتوونەتە مەککەی پیرۆز و دەستیان بە ئەنجامدانی فەریزەی حەج کردووە. بڕیاریشە کاتژمێر ٥ی ئێوارەی ئەمڕۆ، یەکەم کاروانی حاجیانی سلێمانی کە لە ١٤٧ کەس پێکدێن، بەرەو سعودیە بەڕێ بکەون، بەمەش کۆی ژمارەی ئەو حاجیانەی دەگەنە ئەو وڵاتە دەبێتە ١١٧٦ کەس.
بەپێی ڕێنمایییەکان ئەمساڵ سەرجەم حاجیان بە ڕێگەی ئاسمانی گەشت دەکەن، هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێم دەڵێت ئاسانکاریی تەواو لە فڕۆکەخانەکاندا کراوە، بەتایبەت لە گواستنەوەی جانتاکانیان کە ڕاستەوخۆ دەگەیەنرێنە بەردەم ژووری حاجیان لە مەککە. هەروەها تیمە تەندروستییەکان و دابینکردنی سێ ژەمە خواردن لەلایەن شێفانی کوردەوە لە ٢٢ بووفەی کراوەدا، بەشێکن لە خزمەتگوزارییەکانی ئەمساڵ.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە گەشتەکان بەپێی خشتەی دیاریکراو و بەبێ هیچ گرفتێک بەڕێوە دەچن، بڕیار وایە لە ڕێکەوتی ١٧ی ئایاری ٢٠٢٦، دوایین کاروانی حاجیانی هەرێمی کوردستان بگەنە عەرەبستانی سعوودیە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە