2 کاتژمێر پێش ئێستا
179 جار خوێنراوەتەوە
كهلار.. هاووڵاتییهك له سهرهی وهرگرتنی غاز گیانی لهدهست دا
پهیام
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، هاووڵاتییەکی تەمەن ٥٦ ساڵ لە شارۆچکەی کەلار، لە کاتی وەستانی لە سەرەی غازدا گیانی لەدەستدا؛ پۆلیسی گەرمیانیش ڕایگەیاند بە بڕیاری دادوەر فەرمانی دەستگیرکردن بۆ فرۆشیاری غازەکە دەرچووە.
عەقید سۆران حەمەغەریب، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند، هاووڵاتییەکە ناوی (عەلی حەمەئەمین قادر) ە و لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٠یە، دانیشتووی گەڕەکی کەلاری کۆن بووە. ڕووداوەکە لە کاتی چاوەڕوانیی هاووڵاتییان بۆ وەرگرتنی غازی ماڵان ڕوویداوە.
پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوەش کردووە کە تەرمی هاووڵاتییەکە ڕەوانەی پزیشکی دادی کەلار کراوە بە مەبەستی ئەنجامدانی توێکاری و دیاریکردنی هۆکاری سەرەکیی مردنەکەی.
لە ئێستادا کەسوکاری کۆچکردووەکە سکاڵای یاسایییان تۆمار کردووە. بەپێی وتەی پۆلیس، دادوەر بڕیاری داوە بە پشتبەستن بە ماددەی ٤١١ لە یاسای سزاکان، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ فرۆشیاری غازەکە دەربچێت و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە