4 کاتژمێر پێش ئێستا
127 جار خوێنراوەتەوە
ڕۆژنامهی سهباح: ناكۆكی لهسهر بهشێك له وهزارهتهكان ههیه و پێدهچێت كۆبوونهوهی پهرلهمان دوا بخرێت
پهیام
هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی و بڕیارە پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر کارنامەی حکوومەت و کابینە وەزارییەکە کۆببێتەوە.
رۆژنامهی سهباحی عێراقی بڵاوی كردوهتهوه، جووڵە سیاسییەکان بۆ تەواوکردنی کابینەی نوێی حکوومەت بەردەوامن و لێکتێگەیشتنی نێوان لایەنەکان لەبارەی دابەشکردنی پۆستە وەزارییەکان گەیشتووەتە ٨٠٪، بەڵام هێشتا هەندێک ناکۆکیی سنووردار لەسەر وەزارەتە سیادییەکان و ناوی بەشێک لە کاندیدەکان ماونەتەوە.
پێشبینی دەکرێت ئەنجومەنی نوێنەران سبەینێ پێنجشەممە، بۆ دەنگدان لەسەر کارنامەی حکوومەت و کابینە وەزارییەکە کۆببێتەوە، بەڵام هەندێک لە لایەنە پەرلەمانییەکان پێیان وایە ئەگەر گرێکوێرە سیاسییەکان نەکرێنەوە، کۆبوونەوەکە بۆ ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو دوابخرێت.
لەو بارەیەوە، ڕەجائـ فازڵ حەربی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکەی پێنجشەممە وادەیەکی نزیکە بۆ یەکلاکردنەوەی کابینەکە و جەختی کردەوە ناکۆکییەکان تەنیا لەسەر وەزارەتە سیادییەکانن. ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەتا دەنگ لەسەر کارنامەی حکوومەت دەدرێت و پاشان وەزیرەکان؛ هاوکات باسی لەوەش کرد کە پەرلەمانتارانی بەسرە داوای وەزارەتەکانی نەوت یان گواستنەوە دەکەن و ٢٥ پەرلەمانتار واژوویان بۆ ئەو مەبەستە کۆکردووەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، زەینەب جەیاشی، ئەندامی پەرلەمان، گەشبینی خۆی نیشان دا و ڕایگەیاند ناوی کاندیدەکان تا ڕادەیەکی زۆر تەواو بووە و لایەنەکان لیستەکانیان پێشکەش کردووە، هەربۆیە پێشبینی دەکرێت لە یەک کۆبوونەوەدا کارنامە و کابینەکە پەسەند بکرێن.
بە پێچەوانەی ئەم بۆچوونانە، فاروق محەمەد سەعید و عەقیل خالیدی، ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، پێیان وایە هێشتا هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی فەرمی بۆ وادەی کۆبوونەوەکە نەگەیشتووە و بەردەوامیی ناکۆکییەکان لەسەر هەندێک پۆست، ڕەنگە ببێتە هۆی دواخستنی دانیشتنەکە بۆ ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە