1 کاتژمێر پێش ئێستا
48 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆكوەزیرانى هیندستان بۆ چارەسەری گرفتی وزە سەردانی چەند وڵاتێك دەكات
پەیام
بەهۆی جەنگی ئێران و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، هیندستان نرخی سووتەمەنی زیاد دەكات و سەرۆكوەزیرانی وڵاتەكەش بەمەبەستی پاراستنی ئاسایشی وزە سەردانی ئیمارات و ئەوروپا دەكات.
دوای تێكچوونی دۆخی گەرووی هورمز و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەهۆی جەنگی ئێرانەوە، بۆ یەكەمجار لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، كۆمپانیا حكومییەكانی سووتەمەنی لە هیندستان نرخی بەنزین و گازۆلینیان بەرز كردەوە.
بڕیارەكەیش فشارێكی زۆری خستووەتە سەر یەدەگی دراوی هیندستان وەك سێیەم گەورەترین هاوردەكاری نەوت لە جیهاندا و كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی سەدان ملیۆن هاووڵاتی دەبێت.
هاوكات، نارێندرا مۆدی، سەرۆكوەزیرانی هیندستان، گەشتێكی شەش ڕۆژەی بۆ پێنج وڵات دەست پێكرد، كە سەرەتا لە ئیماراتەوە دەست پێدەكات و دواتر دەچێتە هۆڵەندا، سوید، نەرویج و ئیتاڵیا.
مۆدی كە پێشتر داوای لە خەڵك كردبوو دەست بە سووتەمەنییەوە بگرن، ئێستا هەوڵ دەدات لە ڕێگەی ئەم گەشتە و بەهێزكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئەوروپا و ناوچەی كەنداو، ئاسایشی وزەی وڵاتەكەی بپارێزێت. بەپێی هەواڵی میدیا جیهانییەكان مۆدی دەیەوێت لە ڕێگەی ڕێككەوتنی بازرگانی ئازادەوە جێپێی هیندستان لە ناوچەكە و ئەوروپا پتەوتر بكات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە