2 کاتژمێر پێش ئێستا
131 جار خوێنراوەتەوە
لە هێرشێكدا بۆ سەر بنكەیەكی سوپاى پاكستان 29 سەرباز كوژران و بریندار بوون
پەیام
لە هێرشێكی چەكداریدا بۆ سەر بنكەیەكی سەربازی سوپا لە باكووری ڕۆژئاوای پاكستان، لانی كەم 9 سەرباز كوژران و زیاتر لە 20 سەربازی دیكەش بریندار بوون.
ڕووداوەكە لە ناوچەی باجوور لە هەرێمی خەیبەر پەختونخوا ڕوویدا، كاتێك هێرشبەرێك بە ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو خۆی بە بنكەكەدا تەقاندووەتەوە و دواتر چەكدارەكان دەستیان بە تەقە كردووە، هێزە ئەمنییەكانی پاكستانیش دەستبەجێ وەڵامی هێرشەكەیان داوەتەوە و لە ئەنجامدا چەند هێرشبەرێكیان كوشتووە.
هەرێمەكەش و ناوچە سنوورییەكانی نزیك ئەفغانستانیش بەوە ناسراون كە گرووپە توندڕەوەكانی تێدا چالاكن، بەتایبەت لە ناوچەی وەزیرستان كە مێژوویەكی پڕ لە نائارامی و ململانێی چەكداری لە نێوان چەكداران و سوپای وڵاتەكەدا هەیە.
هێرشەكەش لە كاتێكدایە، حكومەت هەوڵەكانی بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچە سنوورییەكان چڕكردووەتەوە و ئاڵۆزییەكانی دۆخی ئەمنی لە ئەفغانستان كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئاسایشی پاكستان هەبووە، بۆیە سوپا ڕێكارە ئەمنییەكانی بۆ ڕێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی هێرشی هاوشێوە لە ناوچە هۆزنشینەكان توندتر كردووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە