1 کاتژمێر پێش ئێستا
87 جار خوێنراوەتەوە
دادگای نێودەوڵەتی فەرمانی گرتنى بۆ پێنج بەرپرسی دیكەی ئیسرائیل دەركردووە
پەیام
ڕۆژنامەیەكی عیبری ئاشكرایكرد، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی فەرمانی دەستگیركردنی بەرپرسانی ئیسڕائیلی زیاد كردووە و ژمارەیەك بەرپرسی سەربازی و سیاسی بە نهێنی بڕیاری دەستگیركردنیان بۆ دەركراوە.
ڕۆژنامەی هائارتس بڵاوی كردەوە، کە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بە شێوەیەكی نهێنی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ پێنج بەرپرسی باڵای تری ئیسرائیل دەركردووە، كە سێیان كەسایەتی سیاسی و دووانیان سەربازین.
بەپێی زانیارییەكانی هائارتس ئەم بڕیارە نوێیانە هاوشانی ئەو فەرمانی دەستگیركردنانەیە كە پێشتر لە تشرینی دووەمی 2024دا دژی بنیامین نەتانیاهۆ و یۆئاڤ گالانت وەزیری بەرگری دەرچووبوون.
هەرچەندە كاتی دەرچوونی فەرمانەكان و ناوی ئەو پێنج بەرپرسە بە نهێنی هێڵدراونەتەوە، بەڵام ئەم هەنگاوە نیشانەی بەردەوامیی فشارە یاساییە نێودەوڵەتییەكانە بۆ سەر سەركردایەتی ئێستای ئیسرائیل بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ.
ئەم بڕیارانەی دادگای نێودەوڵەتی دوای جەنگێكی دوو ساڵەی خوێناوی دێت لە كەرتی غەززە، كە بووەتە هۆی شەهیدبوون زیاد لە 72 هەزار كەس و وێرانكردنی سەدا 90ی ژێرخانی ناوچەكە.
هائارتس ئاماژەی بەوە كردووە، كە دەرچوونی ئەم فەرمانانە لیستەكە فراوانتر دەكات و بەرپرسانی زیاتری ئیسرائیل دەخاتە ژێر چاودێری و لێپرسینەوەی نێودەوڵەتییەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە