1 کاتژمێر پێش ئێستا
101 جار خوێنراوەتەوە
ئێران ڕەتیکردەوە خامنەیی بڕیاری نەبردنەدەرەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی دابێت
پەیام
تاران بە فەرمی ئەو هەواڵانە ڕەت دەكاتەوە كە باس لە فەرمانی موجتەبا خامنەیی دەكەن بۆ هێشتنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ناو وڵاتدا و بە "بێ بنەما" ناوی دەبات.
كۆماری ئیسلامی ئێران ناڕاستیی ئەو ڕاپۆرتە میدیاییانەی دەرخست كە باسیان لە دەركردنی ڕێنمایی لەلایەن موجتەبا خامنەیی ڕێبەری باڵای وڵاتەكەوە دەكرد بۆ ڕێگری لە گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاستبەرز بۆ دەرەوەی وڵات.
لەو بارەیەوە ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، جەختی كردەوە كە ئەو زانیارییانەی ئاژانسی "ڕۆیتەرز" بڵاوی كردوونەتەوە "هیچ بنەمایەكی ڕاستییان نییە" و تەنیا دەنگۆی میدیایین.
بەقایی ئاماژەی بەوە كرد كە تاران سەرنج ناخاتە سەر ئەو پێشبینی و دەنگۆیانەی سەبارەت بە دانوستانە ئەتۆمییەكان یان ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بڵاو دەكرێنەوە، بەڵكو زانیارییە وردەكان تەنیا لە ڕێگەی كەناڵە فەرمییەكان و وتەبێژە متمانەپێكراوەكانەوە بڵاودەكرێنەوە.
هاوكات، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشكرای كرد، كە دانوستانەكان ئێستا زیاتر جەخت لەسەر "كۆتاییهێنان بە شەڕ لە هەموو بەرەكاندا، لەوانەش لوبنان" دەكەنەوە، بەبێ ئەوەی وردەكاری زیاتر لەو بارەیەوە ئاشكرا بكات.
ئەم كاردانەوەیەی تاران دوای ئەوە هات، كە ئاژانسی "ڕۆیتەرز" لە ڕاپۆرتێكدا باسی لەوە كردبوو، ئێران بە فەرمانی موجتەبا خامنەیی ڕێبەری بالای وڵاتەكە گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی بۆ دەرەوەی ئێران قەدەغە كردووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە