1 کاتژمێر پێش ئێستا
98 جار خوێنراوەتەوە
ئیسرائیل كۆنترۆڵی سەربازی خۆی لە غەززە بۆ لە سەدا 60 فراوان دەكات
پەیام
سوپای زایۆنی بەردەوامە لە فراوانكردنی كۆنترۆڵی سەربازی خۆی لەناو كەرتی غەززەدا، بەپێی نوێترین خەمڵاندنە سەربازییەكان، لە ئێستادا سوپاكە نزیكەی لەسەدا 60ە ڕووبەری كەرتی غەززەی لەژێر دەستدایە.
پێشڕەوییەكانی سوپای زایۆنی هاوكاتە لەگەڵ چەقبەستنی دانوستانەكان لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس و زیادبوونی مەترسییەكانی دەستپێكردنەوەی ئۆپراسیۆنی سەربازی بەرفراوان لە ناوچەكەدا، كە ئامانجیان سەپاندنی مەرجی نوێیە بەسەر لایەنی بزوتنەوەكەدا.
سەرچاوە ئەمنییەكانی قەوارەی زایۆنی ئاماژە بەوە دەكەن، هێزەكانیان جێگیربوونی خۆیان بە درێژایی "هێڵی زەرد" قووڵتر كردووەتەوە، كە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی سوپا و ناوچە نیشتەجێبووەكان لەیەكتر جیادەكاتەوە.
ماڵپەڕی "واڵا"ی عیبریش بڵاویكردەوە، رێژەی ئەو خاكەی لەژێر كۆنترۆڵی سوپای زایۆنیدایە لە چەند مانگی ڕابردوودا لە لەسەدا 49ەوە بۆ لەسەدا 59 بەرزبووەتەوە.
سەرچاوە ئەمنییە زایۆنییەكانیش ڕایانگەیاندووە: فەرماندەیی ناوچەی باشوور لە سوپای زایۆنی سەرقاڵی ئامادەكردنی پلانی نوێیە بۆ چەكداماڵینی بزووتنەوەی حەماس یان ناچاركردنیان بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن.
لە لایەكی دیكەوە، ڕاپۆرتەكان باس لەوە دەكەن، كە پەیوەندییە سیاسییەكان گەیشتوونەتە بنبەست و ئەم دۆخەش دوای شەهیدكردنی عیزەدین حەداد، یەكێك لە فەرماندە باڵاكانی كەتیبەكانی قەسسام، لە هێرشێكی ئاسمانی سوپای زایۆنیدا بۆ سەر شاری غەززە ئاڵۆزتر بووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە