2 کاتژمێر پێش ئێستا
152 جار خوێنراوەتەوە
عێراق باری نائاسایی بۆ دۆزینەوەی دوو كەشتیی ونبووی بۆلیڤی ڕاگەیاند
پەیام
بەهۆی ونبوونی دوو كەشتی، كە ئاڵای وڵاتی بۆلیڤیایان هەڵكردووە كۆمپانیای گشتیی بەندەرەكانی عێراق باری نائاسایی بۆ سەرجەم تیمە دەریاییەكانی ڕادەگەیەنێت.
دوای ونبوونی دوو كەشتی كە ئاڵای وڵاتی بۆلیڤیایان هەڵكردووە، كۆمپانیای گشتیی بەندەرەكانی عێراق باری نائاسایی بۆ سەرجەم تیمە دەریایییەكانی ڕاگەیاند، لە ئێستادا ئۆپەراسیۆنی گەڕان و بەدواداچوونی چڕ بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی كەنداوی عەرەبی بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی ئەو دوو كەشتییە و تیمەكانی ناویان كە پەیوەندییان پچڕاوە.
كۆمپانیاكە لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوە كرد، تیمەكانی بەشی كۆنترۆڵی دەریایی و سەنتەری گەڕان و ڕزگاركردن لە ناو ئاوە هەرێمییەكانی عێراق كەوتوونەتە ئامادەباشییەوە. ئەمەش دوای وەرگرتنی زانیاری لەسەر ونبوونی هەردوو كەشتی (بریج 1) و (بریج2)، جەختیش كراوەتەوە، كە هیچ تەلەگرافێكی فریاگوزاری یان ئاگاداركردنەوەیەكیان لەو كەشتییانەوە پێ نەگەیشتووە پێش ئەوەی پەیوەندییان بە تەواوی لەگەڵ جیهانی دەرەوە بپچڕێت.
هەرچەندە خاوەنی كەشتییەكان و دەسەڵاتە ئەمنییەكانی بەندەرەكانی كەنداو داوای زانیارییان كردووە، بەڵام تا ئێستا ئەو كەشتییانە نەهاتوونەتە ناو ئاوەكانی عێراق.
حكومەتی فیدراڵ و كۆمپانیاكەش لە ڕێگەی مانگە دەستكردەكان و هەماهەنگی چڕ لەگەڵ دەسەڵاتە پەیوەندیدارەكانی ناوچەكە بەردەوامن لە چاودێریكردن. بەرپرسان بەڵێنیان داوە هەر پێشهاتێكی نوێ لەبارەی ئەم ڕووداوە و شوێنی ئێستای كەشتییەكان بە فەرمی بڵاو بكەنەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە