1 کاتژمێر پێش ئێستا
167 جار خوێنراوەتەوە
دواین تەرمی ڕووداوی خنكانە بەكۆمەڵەكەی سەر ڕووباری دیجلە دەرهێنرایەوە
پەیام
دواین تەرمی ڕووداوی خنكانە بەكۆمەڵەكەی پارێزگای سەڵاحەددین دەرهێنرایەوە، بەمەش لەكۆی 13 كەس كە چوونە نێو ڕووباری دیجلەوە بە فەڕمی گیانلەدەستدانی حەوتیان پشتڕاست كرایەوە.
دوێنێ، هەینی، لە ناوچەی مەحزەم لەسەر ڕووباری دیجلە لە سنووری پارێزگای سەڵاحەددین 13 كەس كەوتنە نێو ئاوی دیجلەوە و بەو هۆیەوە و بەپێی ئەوەی پۆلیسی پارێزگاگە بڵاوی كردووەتەوە حەوتیان خنكان.
بەپێی زانیارییەكان، خێزانێك كە بۆ بەسەربردنی كات لەسەر قەراغی ڕووباری دیجلە لە پارێزگای سەڵاحەددین لایان داوە، منداڵێكیان كەوتووەتە نێو ئاوەكەوە، دواتر بۆ ڕزگاركردنی منداڵەكە 13 كەسی دیكەی خێزانەكە چوونەتە نێو ئاوەكەوە.
سەرەتا پەیجی فەڕمی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای سەڵاحەددین بڵاوی كردەوە: شەش كەس بە زیندوویی لە ڕووبارەكە ڕزگار كراون و شەش كەسی دیكەیش لە لایەن یەكەی ژێردەریایی بەشی پۆلیسی ڕووباری پارێزگاكەوە تەرمەكانیان دەرهێنراوەتەوە.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆش پۆلیسی سەڵاحەددین ڕایگەیاند: دوای گەڕان بە درێژایی شەو، تەرمی كەسی حەوتەم و دواهەمینی ڕووداوەكە كە كەسێكی 46 ساڵە، لە ڕووبارەكە دەرهێنراوەتەوە.
پۆلیسی سەڵاحەددین داوای لە هاووڵاتیان كرد خۆ لە چوونە ڕێڕەوی ڕووبار بپارێزن، بەو پێیەی ئاستی ئاوەكە بەرز بووەتەوە و قووڵی و تیژی و خێرایی ئاوەكە زیادی كردووە.
ساڵانە و لە وەرزەكانی بەهار و هاویندا، لە سەرتاسەری عێراقدا ژمارەیەكی بەرچاو لە هاووڵاتیان لە كاتی مەلەكردندا دەخنكێن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە