2 کاتژمێر پێش ئێستا
139 جار خوێنراوەتەوە
ئەمریکا دەیەوێت قەرەبووی وڵاتانی دراوسێ لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران بداتەوە
واشنتن لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنانی سەرمایە بلۆککراوەکانی ئێران دەکات بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو وڵاتە هاوپەیمانانەی کە بەهۆی چالاکییەکانی تارانەوە زیانیان بەرکەوتووە.
ئاژانسی "ڕۆیتەرز" ئاشکرای کرد کە ئیدارەی ئەمریکا بەنیازی بەکارهێنانی ئەو پارە ئێرانییانەیە کە لە دەرەوەی وڵات بلۆککراون، بۆ پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و چاککردنەوەی ئەو زیانانەی بەهۆی سیاسەت و چالاکییەکانی تارانەوە بەر هاوپەیمانەکانی کەوتووە. لەم چوارچێوەیەدا، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپاردووە تاوەکو هەڵسەنگاندنێکی گشتگیر بۆ قەبارەی زیانەکان لە وڵاتانی دراوسێی ئێران ئەنجام بدەن، ئەمەش وەک بنەمایەک بۆ میکانیزمی قەرەبووکردنەوە یان پشتگیریکردنی ئەو وڵاتانە لە ئایندەدا بەکاردەهێنرێت.
ئەم هەنگاوە نوێیەی واشنتن لە کاتێکدایە کە دانوستانە ناڕاستەوخۆکان بۆ وەستاندنی جەنگی سێ مانگەی نێوانیان بەردەوامە، بەڵام پرسی دارایی وەک گرێکوێرەی سەرەکی ماوەتەوە. تاران داوای وەرگرتنی ١٢ ملیار دۆلار قەرەبووی دەستبەجێ دەکات هەر لەگەڵ واژۆکردنی ڕێککەوتنی سەرەتاییدا، بەڵام ئەمریکا دەیەوێت ئازادکردنی پارەکان بە ئاستی پابەندیی ئێران بە بەندەکانی ڕێککەوتنەکەوە ببەستێتەوە. جێی ئاماژەیە کە کۆی گشتیی سەرمایە بلۆککراوەکانی ئێران لە دەرەوە بە ١٠٠ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت و ئەمریکا وەک کارتێکی فشار لە دانوستانەکان و پرسی ئەتۆمیدا بەکاریان دەهێنێت
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە