2 رۆژ پێش ئێستا
521 جار خوێنراوەتەوە
جێگری سهرۆكی ئهمریكا: هیچ بڕه پارهیهك به ئێران نادرێت
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک پارە ناداتە ئێران، ئەمەش لهكاتێكدایه كه بڕیاره ههینی داهاتوو واژۆکردنی فەرمیی یادداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان لە سویسرا ئهنجام بدرێت.
ڤانس لە لێدوانەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە بۆ دڵنیابوونەوە لە ڕاددەی ڕژدی ئێرانییەکان، بەشداری لە دانوستانەکانی جنێفدا دەکات، هاوشێوەی ئەو بەشداریکردنەی کە لە گفتوگۆکانی پێشووتری پاکستاندا هەیبوو.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕوونیکردەوە کە ئەو و دۆناڵد ترەمپی سەرۆک، گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێراندا وەک پاداشتێک بۆ ئەو وڵاتە نابینن، بەڵکو بە هەنگاوێکی گرنگی دەزانن بۆ گەیشتن بە ئەنجام، جەختیشی کردەوە کە ئەوان لە پێناو بەدیهێنانی "ئەنجامی ئەرێنی بۆ گەلی ئەمریکا" لە پرۆسەی گفتوگۆکان لەگەڵ تاران بەردەوام دەبن.
ڤانس ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوان گۆڕانکاریی جەوهەرییان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کردووە، چ ئێران پابەند بێت و چ پابەند نەبێت، هاوکات هۆشداریی دا کە تاران هیچ شتێک بەدەست ناهێنێت ئەگەر گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە ڕەفتارەکانیدا نەکات.
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندبوو کە یادداشتی لێکتێگەیشتنەکە لەگەڵ ئێران بە شێوازی ئەلیکترۆنی واژۆ کراوە و گەرووی هورمزیش بە شێوەیەکی کاتی کراوەتەوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕۆژی هەینی داهاتوو و دوای مەراسیمی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە، گەرووەکە بە تەواوی دەکرێتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە