2 کاتژمێر پێش ئێستا
119 جار خوێنراوەتەوە
عێراق.. عەلی عەلاق و قاسم ئەعرەجی لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە
پەیام
حكومەتی عێراق بڕیاری لادانی عەلی عەلاق لە بانكی ناوەندی و قاسم ئەعرەجی لە پۆستی ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی و چەندین پۆستی دیكەی باڵا دەركرد.
میدیا عێراقیەكان لە زاری سەرچاوەیەكی باڵای ئاگادارەوە بڵاویان كردووەتەوە كە گۆڕانكاریی بنەڕەتی لە ئیدارەدانی باڵاترین دامەزراوە دارایی و ئەمنییەكانی عێراقدا ڕوویداوە.
بەپێی زانیارییەكان، عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق لە پۆستەكەی دوور خرایەوە و لە شوێنی ئەو "نزار ناسر" بۆ بەڕێوەبردنی بانكەكە ڕاسپێردرا.
بڕیاری لادان و دەستبەكاربوونی نوێ چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە و نزار ناسر لە قۆناغی داهاتوودا سەرجەم ئەركەكانی پارێزگاری بانكی ناوەندی دەگرێتە ئەستۆ، هەرچەندە تا ئێستا هیچ ڕوونكردنەوەیەكی فەرمی لەبارەی هۆكارەكانی ئەم دوورخستنەوەیە و سروشتی گۆڕانكارییەكان ڕانەگەیەندراوە.
هاوكات لە كەرتی ئەمنیشدا، سەرچاوە سیاسییەكان ئاماژەیان بەوە كردووە كە بڕیاری دەستبەكاربوونی "قاسم عەبوودی" وەك ڕاوێژكاری نوێی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، لە شوێنی "قاسم ئەعرەجی" دەرچووە. ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ چەندین گۆڕانكاریی دیكە لە پۆستە باڵاكانی وڵات.
ئەم بڕیارە كتوپڕە لە كاتێكدایە كە هەر ئەمڕۆ قاسم ئەعرەجی بە سەرۆكایەتی شاندێكی باڵای ئەمنی گەیشتبووە شاری سلێمانی بۆ تاوتوێكردنی دۆسیە ئەمنییەكان و ڕێككەوتنی سنووری لەگەڵ ئێران.
چاوەڕوان دەكرێت لە كاتژمێرەكانی داهاتوودا حكومەتی عێراق بەیاننامەی فەرمی لەبارەی ئەم گۆڕانكارییە كارگێڕی و سیاسییانە بڵاو بكاتەوە، كە وەك وەرچەرخانێكی گرنگ لە ئاستە باڵاكانی دەسەڵاتدا هەژمار دەكرێن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە