1 کاتژمێر پێش ئێستا
148 جار خوێنراوەتەوە
جەی دی ڤانس هۆکار بووە بۆ دواخستنى دانوستاندنەکانی ئەمریکا و ئێران لە سویسرا
پەیام
دوای ئەوەی جەی دی ڤانس جێگری سەرۆكی ئەمریكا بەرنامەی گەشتەكەی بۆ ئەو وڵاتە هەڵوەشاندەوە، وەزارەتی دەرەوەی سویسرا هەڵوەشانەوەی مەڕاسیمی واژووكردنی ڕێككەوتنی نێوان ئەمریكا و ئێرانی لە وڵاتەكەی ڕاگەیاند.
وەزارەتی دەرەوەی سویسرا لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند: ئەو گفتوگۆ تەكنیكییانەی بڕیار بوو ئەمڕۆ هەینی لە نێوان تاران و واشنتۆن لە ناوچەی "بۆرگنستۆك"ی شاخاوی بەڕێوە بچێت، ئەنجام نادرێن، ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات كە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا، گەشتەكەی بۆ سویسرا هەڵوەشاندەوە كە بڕیاربوو تێیدا سەرپەرشتی دەستپێكردنی دانوستانەكانی واژووكردنی ڕێككەوتنەكە بكات.
پێشتر بڕیاربوو ڤانس بۆ مەراسیمی فەڕمی واژۆكردنی یاداشتی لێكتێگەیشتن سەردانی سویسرا بكات كە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ و مەسعوود پزیشكیانەوە بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگ بەشێوەی ئەلیكترۆنیی واژووی لەسەر كرابوو. وتەبێژی كۆشكی سپی ئاشكرای كرد "گەشتەكەی ڤانس بەهۆی تەواونەبوونی پلانە لۆجستییەكان پەكی كەوتووە".
ئەم دواخستنە تەمومژی خستووەتە سەر وادەی دەستپێكردنی قۆناغی دانوستانەكان كە بەپێی ڕێككەوتنەكە بڕیارە 60 ڕۆژ بخایەنێت و ئەگەری درێژكردنەوەشی هەبێت، بەڵام ئێستا كاتی دەستپێكردنی دیار نییە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە