1 کاتژمێر پێش ئێستا
106 جار خوێنراوەتەوە
مهعاریف: ئهمریكا فشار دهكات بۆ كشانهوهی سوپا له باشوری لوبنان و سوریا
ڕاپۆرتێکی ئیسرائیلی ئاشکرای دەکات کە دۆناڵد ترەمپ فشاری توند دەخاتە سەر نەتانیاهۆ تاوەکو لە باشووری لوبنان و چیاکانی سووریا بکشێتەوە بۆ ئەوەی ڕێگری لە پەککەوتنی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران بکات.
ڕۆژنامەی "مەعاریف" لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، کە واشنتن داوا لە تەلئەبیب دەکات دەستبەجێ لە پێنج خاڵی سەربازیی باشووری لوبنان و ناوچەی "کێوی شێخ" لە سووریا بکشێتەوە و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی کەم بکاتەوە. دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت بەم فشارانە بنیامین نەتانیاهۆ ناچاری "نەرمی نواندن" بکات تاوەکو بتوانێت وەک دەستکەوتێکی دیپلۆماسی نیشانی بدات. ئەم هەنگاوە ئامانج لێی پاراستنی ئەو ڕێڕەوە سیاسییەیە کە واشنتن لەگەڵ تاران دەستیپێکردووە، لە کاتێکدا ئیسرائیل نیگەرانە کە ئەم پاشەکشەیە ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکە بخاتە مەترسییەوە.
ڕاپۆرتەکە هۆشداری دەدات کە پەیامە نوێیەکانی ئەمریکا تەنها لە چوارچێوەی قسەدا نەماونەتەوە، بەڵکو هەڕەشەی گرتنەبەری ڕێکاری کردەیی دەکەن دژی تەلئەبیب. واشنتن ئاماژەی بەوە کردووە ئەگەر ئیسرائیل داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکات، ڕەنگە ڕێگری لە ناردنی باری چەک و تەقەمەنی بۆ ئەو وڵاتە بکەن یان هەندێک جۆر سنووردارکردنی سەربازییان بەسەردا بسەپێنن. ئەم پەرەسەندنە نیشانەی قووڵبوونەوەی قەیرانێکی بێپێشینەیە لە نێوان هەردوو هاوپەیمانەکەدا، کە دەکرێت کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر داهاتووی جەنگ لە ناوچەکەدا هەبێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە