2 کاتژمێر پێش ئێستا
154 جار خوێنراوەتەوە
لوبنان.. پێكدادان بووە هۆی كوژرانی 18 لوبنانی و چوار سەربازی قەوارەی ئیسرائیل
پەیام
سەرەڕای یاداشتنامەكەی نێوان تاران و واشنتۆن كە هێوركردنەوەی دۆخەكە لە بەرەی لوبنانیش لەخۆ دەگرێت، قەوارەی ئیسرائیل زنجیرەیەك هێرشی كردە سەر باشووری لوبنان. قەوارەكەش كوژرانی چوار سەربازی دیكەی ڕاگەیاند.
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان ڕایگەیاند: لە ئەنجامی زنجیرەهێرشێكی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە جیاجیاكانی باشووری وڵاتەكە، 18 كەس كوژراون و 33ی دیكەش برینداربوون.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكەی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان تەنها لە شارۆچكەی حاروف لە قەزای نەبەتیە هەشت كەس كوژراون و بریندار بوون.
سوپای ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەكات، كە بەهۆی پێشێلكردنی ئاگربەست لەلایەن حیزبوڵڵاوە، ژێرخان و چەكدارانی ئەو حزبەی لە باشووری لوبنان و بیقاعی ڕۆژهەڵات كردووەتە ئامانج.
پێشتریش بنیامین نەتەنیاهوو سەرۆكوەزیرانی قەوارەی ئیسرائیل ڕایگەیاند: سوپای ئیسرائیل لە ناوچەی پارێزراوی لوبنان كە بە نزیكەی 10 كیلۆمەتر لە باشووری ڕووباری لیتانی درێژ دەبێتەوە، ناكشێتەوە.
لە لایەكی دیكەوە، سوپای قەوارەی ئیسرائیل بە فەرمی دانی بەوە دا نا كە چوار سەربازیان كە یەكێكیان فەرماندەی فەوجە لە لیوای (گفعاتی)، لە شەڕەكانی باشووری لوبناندا كوژراون.
سوپای قەوارەكە ڕایگەیاند: ئەفسەر و سەربازەكان لە ئەنجامی بەئامانجگرتنی تانكێكەوە كوژراون.
میدیای عیبریش لەوبارەوە ڕایگەیاند: لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا 17 سەرباز بریندار بوون.
بەر لەم ڕووداوە و بەپێی ئامارە فەڕمییەكانی قەوارەی ئیسرائیل لە سەرەتای مانگی سێی ئەمساڵەوە 31 سەربازی قەوارەكە لە باشووری لوبنان كوژراون.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە