2 کاتژمێر پێش ئێستا
118 جار خوێنراوەتەوە
سەرەڕاى بەردەوامیی هێرشەکان دانوستانی لوبنان و ئیسرائیل لە واشنتۆن بەڕێوەدەچێت
پەیام
هاوكات لەگەڵ بەردەوامیی هێرش و پەلامارەكانی قەوارەی ئیسرائیل، ئەمریكا میوانداری خولی پێنجەمی دانوستانی ڕاستەوخۆی نێوان لوبنان و ئیسرائیل دەكات.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند: لە نێوان 23 بۆ 25ی ئەم مانگە خولێكی نوێی دانوستانی ڕاستەوخۆ لەنێوان لوبنان و ئیسرائیل لە واشنتۆن بەڕێوە دەچێت، ئەمە پێنجەمین خولی گفتوگۆكانی نێوان هەر دوو لایە لە دوای مانگی نیسانی ڕابردووەوە كە بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی كۆتایی دەستی پێكردووە.
لەو بارەوە ماركۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ جۆزێف عەون، سەرۆكی لوبنان باسیان لە ئامادەكارییەكانی ئەم كۆبوونەوەیە كردووە.
گەڕی نوێی دانوستانەكانی قەوارەی ئیسرائیل و لوبنان، دوای ئەوە دێت كە ئەمریكا و ئێران لەسەر ڕاگرتنی كردەوە سەربازییەكان لە هەموو بەرەكان ڕێك كەوتوون، لەگەڵ ئەوەشدا كە قەوارەكە و حیزبوڵڵایش دوێنێ هەینی لەسەر ئاگربەست ڕێك كەوتن، بەڵام هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر باشوور و ڕۆژهەڵاتی لوبنان بەردەوامە و تەنیا لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە لە ئاكامی هێرشەكاندا هەشت كەس كوژراون.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە