1 کاتژمێر پێش ئێستا
155 جار خوێنراوەتەوە
زەیدی دەیەوێت بەرلە سەردانی واشنتۆن نۆ وەزارەتەکە یەكلابكاتەوە
پەیام
سەرۆكوەزیرانی عێراق دەیەوێت بەر لە سەردانەكەی بۆ واشنتۆن لە كۆتایی تەمموزدا، 9 وەزارەتە بەتاڵەكەی كابینەكەی یەكلا بكاتەوە، بەڵام ئەمریكا چوار وەزیری دیكەی حكومەتەكەی لە گەشت بێبەش دەكات.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە میدیا عێراقییەكان بڵاویان كردووەتەوە، عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، لەگەڵ سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی و بەرپرسانی ئەمریكی لە گفتوگۆیەكی چڕدایە بۆ پڕكردنەوەی پۆستە بەتاڵەكان و پێداچوونەوە بە "پلە تایبەتەكان" كە واشنتۆن وەك ئامرازی هەژموونی دەرەكی دەیانبینێت.
میدیاكان دەڵێن ئێستا وەزارەتی ناوخۆ چەقی ململانێكانە و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای مالیكی و ئاوەدانكردنەوەی سوودانی كێبڕكێی لەسەر دەكەن، ئەمریكایش مەرجی داناوە، كە دەبێت كەسێكی سەربەخۆ بێت و نزیك نەبێت لە نوری مالیكی یان محەمەد شیاع سوودانی.
هاوكات، واشنتۆن ڕەتی كردووەتەوە ڤیزا بداتە هەر چوار وەزیری (نەوت، گەیاندن، گواستنەوە و دارایی) بۆ ئەوەی هاوڕێیەتی زەیدی بكەن لە گەشتەكەیدا.
ئەم ئاستەنگانە لە كاتێكدایە كە ئەمریكا فشار دەكات بۆ دوورخستنەوەی حزب و گروپە چەكدارەكان لە جومگەكانی دەوڵەت و زەیدیش لەم دۆخەدا دەیەوێت بەر لە سەردانەكەی بۆ واشنتۆن ئەو بابەتە بە ڕازیكردنی هەردوو لایەنی ئەمریكی و عێراقی یەكلا بكاتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە