2 کاتژمێر پێش ئێستا
19 جار خوێنراوەتەوە
کۆلینا وەڵامی ڕەخنەکان سەبارەت بە یاریی میسڕ و ئەرجەنتین دەداتەوە
پەیام سپۆڕت - دروود محەمەد
بێرلوجی کۆلینای سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانانی
یەکێتی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا)، وەڵامی ڕەخنەکانی سەبارەت بە یاریی نێوان میسڕ
و ئەرجەنتین دەداتەوە.
کۆلینا لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی "مۆندۆ
دیپۆرتیڤۆ" سەرەتا وتی: کەس ناتوانێت
بڵێت ناوبژیوانیی فیفا دەکەوێتە ژێر کاریگەریی هیچ کەس یان دامەزراوەیەک و ناوبژیوانان
بڕیاری بێلایەنانە دەدەن و وەک یاریزان و ڕاهێنەران دەیانەوێت باشترین ئاست پێشکەش
بکەن.
کۆلینیا وتیشی: سەپاندنی تۆمەتی بێ
بنەما جێگەی نابێتەوە لە وەرزشی ئێمەدا و دەبێتە هۆی درووستکردنی مەترسی بۆ سەر
ناوبژیوانان و خێزانەکانیان.
کۆلینا ڕۆڵی تەکنەلۆژیای ڤاری ڕوون کردەوە
لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو گۆڵەی کرد کە مستەفا زیکۆ بۆ میسڕی تۆمار کرد و ئەوەی
ئاشکرا کرد، ڤار دوای هەر گۆڵێک قۆناغی یاریکردن لە سەرەتای دەستپێکی هێرشەکەوە دەپشکنێت،
ئەگەر هەڵەیەک هەبێت و کاریگەریی لەسەر گۆڵەکە هەبووبێت، ناوبژیوان ئاگادار دەکرێتەوە،
لە یاریی ئەرجەنتین و میسڕ، مەروان عەتیە (یاریزانی ژمارە ١٩ی میسڕ) بە ڕوونی پێی
ناوە بەسەر پێی لیساندرۆ مارتینێزدا، هەڵە هەر هەڵەیە، چ ئاشکرا بێت یان نا، ئەگەر
ناوبژیوان نەیبینێت، ڤار دەستوەردان دەکات.
سەبارەت بەو لێدانە سزایەی کە محەمەد سەڵاح
داوای دەکرد، کۆلینا دەڵێت: ئەو حاڵەتەی لە نێوان محەمەد سەڵاح و جولیان ئالڤارێز ڕوویدا،
هیچ هەڵەیەکی تێدا نەبوو، بەرگریکارەکە سەرەتا بەری لە تۆپەکە کەوتووە و پاشان بەریەککەوتنی
ئاسایی تۆپی پێ دروست بووە، بۆیە لێدانی سزا هەژمار ناکرێت.
لە کۆتاییدا کۆلینا جەختی کردەوە کە سەرۆکی
فیفا جیانی ئینفانتینۆ، هەمیشە پشتگیریی تەواوی سەربەخۆیی و دەستپاکی لێژنەی ناوبژیوانانی
کردووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە