1 کاتژمێر پێش ئێستا
97 جار خوێنراوەتەوە
ڕووسیا: ئامادهین گفتوگۆ لهگهڵ ناتۆ ئهنجام بدهین
ڕووسیا ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆیەکی یەکسان لەگەڵ ناتۆ دەردەبڕێت، بە مەرجێک ڕێز لە بەرژەوەندییەکانی مۆسکۆ بگیرێت.
ڤلادیسلاڤ ماسلینیکۆڤ، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کاروباری ئەورووپا لە وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی "نۆڤۆستی" جەختی لەوە کردەوە کە مۆسکۆ هیچ نیازی هێرشکردنە سەر وڵاتانی ئەندام لە ناتۆی نییە. ئاماژەی بەوەش دا کە کراوەن بەڕووی گفتوگۆدا، بەڵام پێویستە ئەو دیالۆگە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە بەرژەوەندییەکان و پرەنسیپە سەرەکییەکانی ئاسایشی نێودەوڵەتی بێت.
ئەو دیپلۆماتکارە ڕووسییە گومانی خۆی لە ئامادەیی هاوپەیمانیی ڕۆژئاوا بۆ هاریکاری و چەسپاندنی سەقامگیری نیشان دا و ڕایگەیاند، ناتۆ لە بنەڕەتدا مەیلی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەکانی بە زەبری هێز هەیە. بە وتەی ماسلینیکۆڤ، ناتۆ ناتوانێت بەبێ بوونی دوژمنێکی دەرەکی لە مانەوە بەردەوام بێت، بۆیە هەمیشە بە دوای دۆزینەوەی دوژمندا دەگەڕێت.
پێشتریش سەرکردایەتیی ڕووسیا ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردبووەوە کە باس لە ئەگەری هێرشی مۆسکۆ بۆ سەر ناتۆ دەکەن و بە بابەتێکی بێبنەما ناوی بردبوون. مۆسکۆ پێی وایە ڕۆژئاوا لێدوانی ناڕاست لەبارەی هەڕەشەی سەربازیی ڕووسیاوە بڵاو دەکاتەوە، تاوەکو پاساو بۆ پرۆسەی خێرای بەسەربازیکردنی ناوچەکە بهێنێتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە