1 کاتژمێر پێش ئێستا
120 جار خوێنراوەتەوە
بڕینەوەى دارستانەكانی ئەمەزۆن لە بەڕازیل بە ڕێژەی 38% كەمیكردووە
پەیام
تێكدانی دارستانەكانی ئەمەزۆنی بەڕازیل لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، گەیشتە نزمترین ئاستی خۆی لە 10 ساڵی ڕابردوودا.
پەیمانگای نیشتمانی بۆ توێژینەوەی بۆشایی ئاسمانی بەڕازیل ڕایگەیاند، ڕووبەری دارستانە بڕدراوەكان لە نێوان مانگی یەك بۆ حوزەیران گەیشتووەتە هەزار و 295 كیلۆمەتر چوارگۆشە، ئەمەش بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2025 بە ڕێژەی 38% كەمیكردووە و نزمترین ئاستە لە ساڵی 2016وە تۆمار كرابێت.
ئەم بەرەوپێشچوونە لە چوارچێوەی پلانی لۆلا دا سیلڤا، سەرۆكی بەڕازیل دێت بۆ بنبڕكردنی بڕینەوەی نایاسایی دارستانەكان تا ساڵی 2030، دوای ئەوەی لە سەردەمی جاییر بۆڵسۆنارۆی سەرۆكی پێشوو لە ساڵی 2022 گەیشتبووە لوتكە.
هاوكات بڕینەوەی دارستانەكان لە ناوچەی "سێرادۆ"ش بۆ سێ هەزار و 142 كیلۆمەتر چوارگۆشە كەم بووەتەوە كە نزمترین ئاستە لە ساڵی 2021وە.
سەرەڕای ئەم داتایانە، ڕێكخراوە ژینگەییەكان ڕەخنە لە حكومەت دەگرن بەهۆی پڕۆژەیەكی گەڕان بەدوای نەوت لە نزیك ڕووباری ئەمەزۆن.
ئەمە لە كاتێكدایە، لۆلا دا سێلڤا خۆی بۆ هەڵبژاردنەكانی مانگی تشرینی یەكەم ئامادە دەكات و لە كێبڕكێیەكی تونددایە لەگەڵ فلاڤیۆ بۆڵسۆنارۆ، كە لایەنگری پەرەپێدانی چالاكییە پیشەسازی و كانزاییەكانە لە ناوچەكەدا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە