1 کاتژمێر پێش ئێستا
141 جار خوێنراوەتەوە
ڕاوێژکارێکى باڵاى ئێرانى: هێرشەکان بەردەوام بێت وەڵامدانەوەمان هیچ سنوورێکى نابێت
پەیام
هێرش و بۆردومانەكانی ئێران بۆ سەر بنكەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە بەردەوامە و بەرپرسێكی ئێران هەڕەشە دەستپێكردنی هێرشی گشتگیر دەكات و دەڵێت "هێرشەکان بۆ سەر وڵاتەکەمان بەردەوام بێت، وەڵامدانەوەمان هیچ سنوورێکى نابێت".
جارێكی دیكە هێرشە مووشەكی و درۆنییەكانی ئێران بۆ سەر بنكەكانی ئەمریكا لە ئوردن و وڵاتانی كەنداو دەستپێكردەوە و سوپای كوێت بڵاوی كردەوە بەرپەرچی هێرشێكی درۆنی ئێرانیان داوەتەوە و پێگەی ئەكسیۆسیش ڕایگەیاند: ئێران مووشەكێكی بالیستی بەرەو بنكەیەكی ئەمریكی لە سعودیە هەڵداوە.
سوپای پاسداران ڕایشیگەیاند: دامەزراوە سەربازییەكانی ئەمریكامان لە كوەیت، سەكۆی پاڵپشتیی وزەی فڕۆكەوانیی ئەمریكاشمان لە بەندەری ئەحمەدی لە كوەیت بۆردوومان كرد.
هەر لە كوەیت وەزارەتی كارەبای ئەو وڵاتە ڕایگەیاند: وێستگەیەكی دیكەی كارەبا و دڵۆپاندنی ئاو لە لایەن ئێرانەوە بۆردومان كرا و بۆ پێنجەمین جاریش زەنگی ئاگاداركردنەوە لەو وڵاتە لێ درا.
لای خۆیەوە سوپای ئوردن دەڵێت: 10 مووشەكی ئێرانمان لە ئاسمانی وڵات خستووەتە خوارەوە. سوپای پاسدارانیش ڕایگەیاند: هێرشی درۆنیان بۆ سەر بنكەی شێخ عیسا لە بەحرێن ئەنجام داوە.
لای خۆیەوە موحسین ڕەزایی، ڕاوێژكاری سەربازیی ڕێبەری باڵای ئێران ڕایگەیاند: وەڵامی هێزەكانی ئێران دەچێتە قۆناغی هێرشی گشتگیر ئەگەر هێرشەكانی ئەمریكا بۆ دوو سێ ڕۆژی دیكە بەردەوام بێت.
وتی: ئێران چیتر بە وەڵامدانەوە ناوەستێت و هیچ سنوورێك لە هێرشەكانی بەدوور نابێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە