1 کاتژمێر پێش ئێستا
111 جار خوێنراوەتەوە
ئێران: ئەمریكا بۆ شاردنەوەی شكستەكانی ژێرخانە مەدەنییەكانمان بۆردومان دەكات
پەیام
سوپای پاسدارانی ئێران ڕایدەگەیەنێت: ئەمریكا بۆ شاردنەوەی شكستەكانی ژێرخانە مەدەنییەكان بۆردومان دەكات، ئێمەش بە هەمان شێوە وەڵام دەدەینەوە. ئەمریكایش كۆتاییهاتنی حەوتەمین شەوی هێرشەكانی ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیەنراوێكدا، سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماژەی بەوە كرد "ئەمریكا بە بەئامانجگرتنی نەخۆشخانە، پرد و وێستگەكانی گواستنەوە، هەوڵی پەردەپۆشكردنی شكستی سەربازیی خۆی دەدات".
جەختیشی كردەوە "بەهۆی بێدەنگی دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان، بژاردەی وەڵامدانەوەی هاوشێوەیان هەڵبژاردووە، بەڵام شەوی ڕابردوو تەنیا بنكە سەربازییەكانیان كردووەتە ئامانج بۆ پێدانی هەلی گۆڕینی سیاسەت بە واشنتۆن".
پاسداران دوپاتی كردەوە كە هێزەكانیان لە ئێستادا زۆر لە جاران بەهێزترن و ئامادەی بەرپەرچدانەوەی هەر دەستدرێژییەكی نوێن.
هەر لەو میانەیەدا، بەرپرسانی پارێزگای هورمزگان ڕایانگەیاند: هێرشێكی موشەكی كراوەتە سەر وێستگەكانی كارەبا و ئاو لە شاری جاسك، ئەمەش بووەتە هۆی بڕانی ئاوی خواردنەوە لە چەندین گوند.
هاوكات تەلەفزیۆنی فەڕمی ئێرانیش بڵاوی كردەوە "لە پارێزگای هورمزگان 3 كەس كوژراون و 8ی دیكە بریندار بوون".
لای خۆیەوە فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا (سێنتكۆم) كۆتاییهاتنی حەوتەمین شەوی زنجیرە هێرشە سەربازییەكانی بۆ سەر بنكەكانی چاودێریی ئێران ڕاگەیاند و ئاشكرای كرد "لە هێرشەكاندا فڕۆكەی جەنگی، درۆن و كەشتی جەنگی بۆ پێكانی كۆگای چەك و بنكە دەریاییەكان بەكارهێنراون".
سێنتكۆم لەگەڵ ئەوەی بەرپرسیارێتی ئەو ڕووداوانەی خستە ئەستۆی ئێران، ڕایشیگەیاند: لەسەر ئابڵوقەی دەریایی بۆ سەر ئێران بەردەوام دەبین.
لە لایەكی دیكەوە و بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی جەنگی ئەمریكا (پێنتاگۆن)، ژمارەی سەربازە بریندارەكانی ئەمریكا لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە بۆ 13 كەس بەرزبووەتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە