1 کاتژمێر پێش ئێستا
104 جار خوێنراوەتەوە
بەغداد.. بە تۆمەتی داواكردنی بەرتیل، سزای 3 ساڵ زیندانی بۆ پەرلەمانتارێك دەركرا
پەیام
بە تۆمەتی داواكردنی بەرتیل، دادگای كەرخ سزای 3 ساڵ زیندانی و پێبژاردنی بۆ پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ دەركرد.
دادگای تاوانەكانی كەرخ دوێنێ بە شێوەی ئامادە نەبوون سزای 3 ساڵ زیندانیكردنی توند و پێبژاردنی 10 ملیۆن دیناری بەسەر "باسم خەزعەل خەشان"، پەرلەمانتاری سەربەخۆ و پارێزەری ناسراودا سەپاند.
بڕیارەكە دوای ئەوە هات كە ناوبراو تۆمەتبار كرا بە داواكردنی بەرتیل لە بەرامبەر ئاسانكاری بۆ وەرگرتنی قەرزی وەبەرهێنان بۆ پڕۆژەی (دەروازەی موسەننا) لە بانكی خانوبەرە لە ساڵی 2024دا.
بەپێی بڕیارەكە، ئەو پەرلەمانتارە لەگەڵ چەند كەسێكی دیكە هەوڵیان داوە پلە و پۆستەكەیان بۆ بەرژەوەندی تایبەت و وەرگرتنی پارە بەكاربهێنن.
جیا لە سزای زیندانی، دادگا بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی سامانی گوازراوە و نەگوازراوەی "باسم خەزعەل "، و دەركردنی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركردووە.
باسم خەزعەل خەشان كە لە ساڵی 1967 لەدایك بووە، بۆ 2 خولی لەسەریەك پەرلەمانتاری سەربەخۆ بووە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئێستاش بەپێی بڕیارە نوێیەكە وەك تۆمەتبارێكی هەڵاتوو لە یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە