1 کاتژمێر پێش ئێستا
96 جار خوێنراوەتەوە
بەهۆى تەقینەوەیەکەوە لە كانێكی خەڵوزى پاكستان 34 كرێكار گیانیانلەدەستدا
پەیام
بەهۆی تەقینەوەیەكی گەورە لە كانێكی خەڵوز لە باشووری پاكستان 34 كرێكار گیانیان لەدەست دا.
ئاژانسی بەڕێوەبردنی كارەساتەكان لە پاكستان ڕایگەیاند: بەهۆی تەقینەوەی غازی میسان لە كانێكی خەڵوز لە هەرێمی بەلوچستان، لانیكەم 34 كرێكار گیانیان لەدەست داوە.
بەپێی زانیارییەكان تەقینەوەكە لە ناوچەی "سورانج" لە نزیك شاری كوێتە ڕووی داوە و بووەتە هۆی داڕمانی بەشێكی گەورەی كانییەكە و تێكچوونی ژێرخانەكەی.
بەپێی وتەی بەرپرسانی ناوخۆیی "لە كاتی ڕووداوەكەدا 36 كرێكار لەنێو ئەو بەشەی كانەكەدا بوون كە داڕماوە. تیمەكانی فریاگوزارییش تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ توانیویانە تەرمی 34 كەس دەربهێنن، هەوڵەكانیش بۆ دۆزینەوەی كرێكارە بێسەروشوێنبووەكانی دیكە بەردەوامە".
هەرێمی بەلوچستان كە هەژارترین ناوچەی پاكستانە، دەوڵەمەندە بە كانزاكان و بەردەوام ڕووداوی لەم شێوەیەی تێدا ڕوو دەدات. نەبوونی مەرجەكانی سەلامەتی و كۆنیی ئامێرەكانیش وای كردووە تەقینەوەی غازی میسان و داڕمانی كانییەكان ببێتە مەترسییەكی بەردەوام لەسەر ژیانی كرێكاران كە زۆرجار بەهۆی هەژاری و بێكارییەوە ناچارن لەو ژینگەیەی كار بكەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە