2 کاتژمێر پێش ئێستا
71 جار خوێنراوەتەوە
حەوت كاندید كێبڕكێ لەسەر پۆستی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان دەکەن
پەیام
ئەنجوومەنی ئاسایش یەكەم دەنگدانی بەرایی بۆ دیاریكردنی جێگرەوەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەنجام دا.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی یەكەم گەڕی دەنگدانی بەرایی بۆ دەستنیشانكردنی كاندیدێك بۆ پۆستی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بەڕێوە برد كە بڕیارە لە كۆتایی ئەمساڵدا جێگەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش بگرێتەوە.
زینون موكۆنگۆ، نوێنەری كۆنگۆی دیموكرات و سەرۆكی خولی ئێستای ئەنجومەنەكە، ڕایگەیاند: ئەنجامەكانی ئەم دەنگدانە بە نهێنی دەمێنێتەوە و تەنها بە وڵاتانی كاندیدكار و سەرۆكایەتی كۆمەڵەی گشتی ڕادەگەیەنرێت.
لە ئێستادا حەوت كاندید بۆ بەدەستهێنانی ئەم پۆستە جیهانییە كێبڕكێ دەكەن، كە دیارترینیان ڕافائیل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، میشێل باشێلیت كۆمسیاری باڵای پێشووی مافی مرۆڤ، ماكی سال، سەرۆكی پێشووی سەنیگالە، بڕیارە گەڕی داهاتووی دەنگدانەكان لە مانگی داهاتوودا لە ژێر سەرۆكایەتی وڵاتی دانیمارك بەڕێوە بچێت.
پۆستی سكرتێری گشتی بۆ ماوەی پێنج ساڵە و پێویستە كاندیدی سەركەوتوو ڕەزامەندی زۆرینەی 193 دەوڵەتەكەی كۆمەڵەی گشتی بەدەست بهێنێت.
گۆتێرێش كە لە ساڵی 2016وە لەم پۆستەدایە، لە 31ی كۆتا مانگی ئەمساڵ خولی دووەمی كارەكانی كۆتایی دێت و سكرتێری نوێ لە یەكی مانگی یەكی ساڵی داهاتوو دەستبەكار دەبێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە