1 کاتژمێر پێش ئێستا
23 جار خوێنراوەتەوە
عێراق.. 20 ملیار دینار لە دۆسیەیەكی گەندەڵیدا گەڕێندرایەوە
پەیام
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی هەڵمەتەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا، توانیویانە دەست بەسەر 20 ملیار دیناردا بگرن و بیگەڕێننەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت.
دادگای لێكۆڵینەوەی "ڕەسافە" تایبەت بە دۆسیەكانی دەستپاكی، ئاشكرای كرد كە ئەم پارەیە لە ئەنجامی دۆسیەیەكی گەورەی گەندەڵی دارایی و كارگێڕی و سپیكردنەوەی پارەدا دەستی بەسەردا گیراوە.
هەرچەندە ناسنامەی تۆمەتباران ئاشكرا نەكراوە، بەڵام دادگا جەختی كردەوە كە ڕێوشوێنی یاسایی توند بەرامبەر هەموو ئەو كەسانە دەگرنەبەر كە زیان بە سامانی گشتی دەگەیەنن.
بەگوێرەی ئامارەکان، تەنها لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا، ژمارەی دەستگیرکراوان لە چەند دۆسیەیەکی جیاوازدا گەیشتە ٤٧ کەس. لە کۆتایی مانگی تەمموزدا حکومەتی عێراق جەختی لەسەر جێبەجێکردنی میکانیزمی توند بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارانە کردووەتەوە کە بەهۆی گەندەڵییەوە دزراون.
یەکێک لە دۆسیە هەستیارەکان کە لەماوەی ڕابردوودا دەنگدانەوەی گەورەی هەبوو، دەستگیرکردنی بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق عەدنان جومەیلی بوو، کە بەهۆیەوە دواتر زیاتر لە 67 کەس دەستگیرکران و سەدان ملیار دیناریش دەستی بەسەردا گیرا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە