1 کاتژمێر پێش ئێستا
35 جار خوێنراوەتەوە
ئەمریکا ڤیزای زیاتر لە ١٧٠ هەزار کەس هەڵوەشاندەوە
پەیام
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەپاساوی پێشێلکردنی مەرجەکان، ئەنجامدانی تاوان و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا هەڵوەشاندنەوەی زیاتر لە ١٧٥ هەزار ڤیزای بۆ هاووڵاتیانی بیانی راگەیاند.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتەکە، ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی پرۆسەیەکی وردبینیی بەردەوامدا دراوە و ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە مەرجەکانی مانەوەیان پێشێلکردووە، سیستەمی کۆچبەرییان قۆستووەتەوە، یان هانی توندوتیژییان دژی ئەمریکییەکان داوە. بەشێکی زۆری ڤیزا هەڵوەشاوەکان لە ئەنجامی هەماهەنگی لەگەڵ دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا بووە، بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی تێوەگلاون لە تاوانەکانی وەک دەستدرێژی، شۆفێریکردن لەژێر کاریگەری ماددە هۆشبەرەکان و کحول، دزی، ساختەکاری، دەستدرێژیی سێکسی و توندوتیژی دژی منداڵان.
هاوکات، پرۆسەکە چەندین کەیسی تایبەتی کردووەتە ئامانج؛ لەوانە هەڵوەشاندنەوەی زیاتر لە ١٠٠ ڤیزا لەلایەن باڵیۆزخانەیەکی ئەمریکا لە باکووری ئەفریقا بۆ ئەو دایک و باوکانەی کە بە مەبەستی بەدەستهێنانی رەگەزنامە بۆ منداڵەکانیان سەردانی خاکی ئەمریکایان کردووە، کە بە "گەشتیاریی منداڵبوون" ناسراوە.
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی پێ کردووە کە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بڕیاریداوە ژمارەیەک هاووڵاتیی بیانی بە هۆکاری پەیوەست بە سیاسەتی دەرەوە و پاراستنی بەرژەوەندییەکان دیپۆرت بکرێنەوە. بەپێی بەیاننامەکە، لە نێو ئەم کەسانەدا کۆمەڵێک هاووڵاتیی ئێرانی هەن کە پەیوەندییان بە دامەزراوەکانی حکومەتی ئێرانەوە هەیە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە