2 کاتژمێر پێش ئێستا
146 جار خوێنراوەتەوە
عەلی زەیدی: کۆتایی مانگی نۆ هێزە بیانییەکان دەکشێنەوە
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، ٣٠ی ئەیلوول دوا مۆڵەتە بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان و کۆنترۆڵکردنی چەکی دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان.
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، جەخت لەوە دەکاتەوە کە بە کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە وادەی خۆیدا، کە بریتییە لە ٣٠ـی ئەیلوول، وڵات پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێی سەقامگیری و سەروەریی تەواوەوە. لەم پێناوەشدا، حکومەتی عێراق بە پاڵپشتیی هاوپەیمانیی "بەڕێوەبردنی دەوڵەت"، پێداگرە لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری کۆنترۆڵکردنی چەک و هەمان ڕێکەوتی وەک دوا مۆڵەت بۆ ئەو مەبەستە دیاریکردووە. هێزە سیاسییە سەرەکییەکانیش هۆشدارییان داوە کە هەر جووڵەیەکی چەکداری لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت، وەک کردەوەیەکی "تیرۆریستی" و "دەرچوون لە یاسا" مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
بۆ سەلماندنی جددیبوونی دەوڵەت لەم هەنگاوەدا، سەرجەم هێزە ئەمنییەکان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیی تەواوەوە و مۆڵەتی ئەفسەران هەڵوەشێنراوەتەوە. ئەم ڕێوشوێنانە وەڵامێکن بۆ ئەو گرووپە چەکدارانەی وەک "کەتائیبی حزبوڵڵا" و "نوجەبا"، کە پرسی ڕادەستکردنی چەکەکانیان گرێ داوە بە کشانەوەی یەکجاریی سەرجەم هێزە بیانییەکان لە خاکی عێراقدا.
لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرایان کردووە کە فەرماندەی فەیلەقی قودس لە چەندین کۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەرکردەکانی "چوارچێوەی هەماهەنگی" و فەرماندەی گرووپە چەکدارەکان، هەڵوێستی تارانی بە ڕاشکاوی خستووەتەڕوو. ناوبراو جەختی کردووەتەوە کە ئێران خوازیاری تێکچوونی دۆخی عێراق و ناوچەکە نییە و داوای لە گرووپەکان کردووە لە ڕێگەی گفتوگۆ و فشاری سیاسییەوە لەگەڵ حکومەت بگەنە ڕێککەوتن. ئەمەش بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هەر پێکدادانێک کە ڕەنگە قەیرانێکی گەورەی ناوخۆیی لێ بکەوێتەوە و سەقامگیریی ناوچەکە بخاتە مەترسییەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە