1 کاتژمێر پێش ئێستا
75 جار خوێنراوەتەوە
پێنج ساڵ بەسەر گەڕانەوەی دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان تێپەڕى
پەیام
بزووتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان پێنجەمین ساڵیادی گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات دەكاتەوە و داوای كردنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكایش دەكات.
ئەمڕۆ شەممە، سەركردەكانی بزووتنەوەی تاڵیبان یادی پێنج ساڵەی كۆنتڕۆڵكردنەوەی كابوڵیان كردەوە. شەقامەكانی پایتەخت بە ئاڵای سپی و ڕەش داپۆشرابوون و زەبیحوڵا موجاهید، وتەبێژی حكومەتیش ئەم ڕۆژەی بە "سەركەوتنێكی زێڕین" لە مێژووی وڵاتدا وەسف كرد.
لەلایەكی دیكەوە، ئەمیرخان موتەقی، وەزیری دەرەوەی ئەمارەتی ئیسلامیی ئەفغانستان داوای لە ئەمریكا كرد باڵیۆزخانەكەی بكاتەوە و دەست بە وەبەرهێنان بكات و ڕایشیگەیاند: سەردەمی جەنگ كۆتایی هاتووە.
سەرەڕای سەقامگیرییەكی ئەمنیی ڕێژەیی، ئەفغانستان ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی ئابووری گەورە بووەتەوە، چونكە وڵاتەكە لە سیستمی بانكی نێودەوڵەتی دابڕاوە، زیاتر لە شەش ملیۆن كۆچبەر لە ئێران و پاكستانەوە گەڕاونەتەوە بۆ وڵات و بەشێكی زۆری دانیشتووانی وڵاتەكەش بێكارن، حكومەتی نوێیش بۆ گەیشتن بە "خۆبژێوی" پشت بە كەرتی كانزاكان دەبەستێت.
تاڵیبان كە بە مانای خوێندكاران دێت، لە ئەیلولی 1994 وەك هێزێكی ئیسلامیی سوننەمەزهەب لەسەر دەستی مەلا محەمەد عومەر دامەزرا، لەنێوان ساڵانی 1996 تا 2001 حوكمی وڵاتەكەی گرتە دەست، دوای داگیركاری ئەمریكایش درێژەی بە خەباتی چەكداری دا و ئەمریكای ناچار بە كشانەوە كرد و لە 15ی ئابی 2021 جارێكی دیكە لەژێر ناوی "ئەمارەتی ئیسلامی" فەرمانڕەوایی ئەفغانستانی گرتەوە دەست.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە