2 کاتژمێر پێش ئێستا
85 جار خوێنراوەتەوە
کۆریاى باشوور بۆ کۆریاى باکوور: با وتووێژ بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگ دەستپێبکەین
پەیام
سەرۆكی كۆریای باشوور پێشنیاری دەستپێكردنی وتووێژ بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ كۆریای باكوور بەشێوەیەكی فەڕمی دەكات.
لە میانی ساڵیادی ڕزگاربوونی وڵاتەكەی لە دەستی داگیركاری یابان، لی جای میونگ، سەرۆكی كۆریای باشوور بۆ واژۆكردنی ڕێككەوتنی ئاشتی و كۆتاییهێنان بە جەنگی نێوانیان بە شێوەیەكی فەرمی داوای وتووێژی ڕاستەوخۆی لەگەڵ كۆریای باكوور كرد.
سەرۆكی كۆریای باشوور جەختی كردەوە "كاتی ئەوە هاتووە هەر دوو وڵات هەڕەشەكان وەلا بنێن و دەست بە گفتوگۆ بكەن"، وتیشی: ئەم وتووێژانە دەبنە دەرفەتێك بۆ چارەسەركردنی پرسی چەكە ئەتۆمییەكانی كۆریای باكوور.
هەردوو كۆریا لە ساڵی 1953وە تەنها بە ئاگربەستێكی سەربازیی جەنگیان ڕاگرتووە و تا ئێستا لە ڕووی یاساییەوە لە دۆخی شەڕدان.
لی جای میۆنگ لە حوزەیرانی 2025ەوە هەوڵ دەدات پەیوەندییەكان لەگەڵ باكوور ئاسایی بكاتەوە و بێ مەرج گفتوگۆ بكات، بەڵام تائێستا پیۆنگ یانگ وەڵامی هیچكام لە دەستپێشخەرییەكان نەداوەتەوە و سەرقاڵی بەهێزكردنی پەیوەندییە سەربازییەكانییەتی لەگەڵ ڕووسیا و لە دوای شكستهێنانی لوتكەی كیم جۆنگ ئۆن و دۆناڵد ترەمپ ڕایشیگەیاندووە: دەوڵەتێكی ئەتۆمییە و پاشەكشەی تێدا نییە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە