2 کاتژمێر پێش ئێستا
30 جار خوێنراوەتەوە
ترەمپ قەبارەی مانۆڕە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ کۆریای باشوور کەمکردەوە
پەیام
دۆناڵد ترەمپ بڕیاری دا ڕاهێنانە سەربازییە هاوبەشەکانی لەگەڵ کۆریای باشوور بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە، ئەوەش بەر لە چەند کاتژمێرێک لە دەستپێکردنی مانۆڕی ساڵانەی "قەڵغانی ئازادیی ئۆلچی".
ترەمپ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" ئاماژەی بەوە کرد، لە بەشدارییکردنی درێژخایەنی ئەمریکا لەو مانۆڕانە ڕازی نییە، بەو پێیەی پەیوەندییەکی "زۆر باشی" لەگەڵ کیم جۆنگ ئۆن، ڕابەری کۆریای باکوور هەیە. ناوبراو ڕوونیشی کردەوە ئەم مەشقانە جگە لە تێچووە داراییە بەرزەکەیان بۆ واشنتن، پەیامێکی "نەگونجاو و دوژمنکارانە" بۆ پیۆنگیانگ دەنێرن، بۆیە ڕێنمایی داوەتە پیت هێگسێت، وەزیری بەرگری تا قەبارەکەیان زۆر کەم بکاتەوە.
بڕیار بوو مانۆڕی "قەڵغانی ئازادیی ئۆلچی" لەنێوان ١٧ بۆ ٢٧ی ئاب بە بەشداریی نزیکەی ١٨ هەزار سەربازی کۆریای باشوور و هێزەکانی ئەمریکا لەپێناو بەهێزکردنی ئامادەیی جەنگی بەڕێوە بچێت، بەڵام تا ئێستا کۆشکی سپی و پێنتاگۆن هیچ ڕوونکرنەوەیەکیان سەبارەت بە چۆنیەتیی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە نەداوە.
لەکاتێکدا واشنتن و سیئۆل دووپاتی دەکەنەوە کە ڕاهێنانەکان بەرگریکارانەن و ئامانجیان ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانە، بەڵام کۆریای باکوور بەردەوام ئەم مانۆڕە هاوبەشانە وەک هەنگاوێک بۆ مەشقکردن لەسەر داگیرکردنی خاکی وڵاتەکەی وەسف دەکات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە