2 کاتژمێر پێش ئێستا
168 جار خوێنراوەتەوە
سووریا.. سزای لهسێدارهدان بۆ ئامۆزایهكی بهشار ئهسهد دهركرا
پهیام
ئهمڕۆ سێشەممە، دادگای سووریا سزای لەسێدارەدانی بەسەر وەسیم ئەسەد، ئامۆزای بهشار ئهسهد سەرۆکی لەکارلادراودا سەپاند، ئەمەش دوابەدوای سزادانی غیابیی بەشار ئەسەد و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکە.
فەخرەدین عوریان، سەرۆکی دادگای چوارەمی تاوانەکان لە دیمەشق ڕایگەیاند، وەسیم ئەسەد بە تاوانی کوشتنی بەئەنقەست، کوشتنی چەند کەسێکی دیاریكراو و ئەشکەنجەدانی دڕندانە تاوانبار کراوە. دادگاکە ئەم کردەوانەی وەک تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی ناساندووە و لەسەر ئەو بنەمایەش سزاکەی بۆ دەرکردووە. لە لایەکی دیکەوە، بەپێی کەناڵی ئیخبارییەی سووری، ناوبراو تێوەگلاوە لە دۆسیەکانی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، باجسەندن و پێکهێنانی گرووپی چەکداری.
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سووریا بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی گشتی، لە ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٥دا وەسیم ئەسەدیان لەسەر سنووری لوبنان دەستگیر کرد. ئەم هەنگاوە بەشێک بوو لە هەڵمەتی ڕاوەدوونانی بەرپرسانی ڕژێمی پێشوو، کە دواتر لە ٢٤ی هەمان مانگدا دانیشتنەکانی دادگاییکردنەکەی بە گوێگرتن لە شایەتحاڵان و تاوتوێکردنی بەڵگەکان دەستی پێ کرد.
دەرکردنی ئەم سزایە لە کاتێکدایە کە هەفتەی ڕابردوو هەمان دادگا سزای لەسێدارەدانی غیابی بۆ بەشار ئەسەد و عاتف نەجیب، ئامۆزای و سەرۆکی پێشووی ئاسایشی سیاسی لە دەرعا دەرکرد. دادگاکە ئەوانی بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ، تاوانی دژی مرۆڤایەتی، ئەشکەنجەدانی کوشندە و کوشتنی منداڵانی خوار ١٥ ساڵ لە سەرەتای ململانێکانی ساڵی ٢٠١١ـەوە تاوانبار کردووە و توندترین سزای بەسەردا سەپاندوون.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە