1 کاتژمێر پێش ئێستا
95 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆكوەزیرانی عێراق: مووچەی فەرمانبەران پارێزراوە و گرەنتى کراوە
پەیام
سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: مووچەی فەرمانبەران پارێزراوە و هەوڵی هەناردەكردنی هەشت بۆ 10 ملیۆن بەرمیل نەوت دەدەین.
عەلی فالح زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە كۆنگرەی دیالۆگی بەغداد ڕایگەیاند: مووچەی فەرمانبەران و شایستە داراییەكان مسۆگەر كراون، بەرەوامیش دەبین لە دانانی پلانێك بۆ مسۆگەركردنی لە ساڵانی داهاتووشدا.
عەلی فالح زەیدی ڕایشیگەیاند: حكومەت پلانی هەیە لە شەش ساڵی داهاتوودا ئاستی هەناردەی نەوت بۆ 8 تا 10 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا بەرز بكاتەوە، ئەمەش لە ڕێگەی كاراكردنەوەی هێڵی جیهان و بەندەرەكانی بانیاس و عەقەبە.
زەیدی جەختی كردەوە كە بودجەی ساڵی داهاتوو گرنگی بە كەرتی كارەبا و وزەی خۆر دەدات، هەروەها ئاماژەی بە چاكسازییەكانی كەرتی سووتەمەنی كرد كە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی 17.8 تریلیۆن دینار بۆ خەزێنەی دەوڵەت.
سەبارەت بە پرسی ئەمنی، ڕایگەیاند: هەموو لایەنەكان لەسەر جێبەجێكردنی بەرنامەی بوونی چەك لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا هاوڕان، هیچ نیازێكیش، یان ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی چەكداریی نییە.
لە كۆتاییدا جارێكی دیكە زەیدی جەختی كردەوە كە خۆی بۆ خولی دووەمی سەرۆكایەتی كاندید ناكات و كار بۆ بەهێزكردنی كەرتی تایبەت دەكەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە