1 کاتژمێر پێش ئێستا
220 جار خوێنراوەتەوە
ڕاپۆرت؛ بۆچی وڵاتانی ڕۆژاوا وەک پێویست وەڵامی داواکاری ئۆکرانیا بۆ پڕچەککردن نادەنەوە؟
پەیام
کێشەی دابینکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا وەک ئاڵنگارییەکی ستراتیژیی گەورە لەبەردەم وڵاتانی ڕۆژئاوا ماوەتەوە، کە تێیدا ترسی پەرەسەندنی ململانێکان و ئاستەنگە لۆجیستییەکان ڕێگرن لە ناردنی تەکنەلۆژیای سەربازی بۆ بەرەکانی جەنگ لە ئۆکرانیا.
وڵاتانی هاوپەیمانی ئۆکرانیا، بەتایبەت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەندامانی تری ناتۆ، لە سەرەتای دەستپێکی هێرشەکانی ڕووسیاوە ڕووبەڕووی هاوکێشەیەکی سیاسی و سەربازیی ئاڵۆز بوونەوە. لە لایەکەوە دەیانەوێت کیێڤ لە بەرگریدا سەرکەوتوو بێت، لە لایەکی تریشەوە لەوە دەترسن پێدانی چەکی دوورهاوێژ و فڕۆکەی جەنگیی زۆر پێشکەوتوو ببێتە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی نێوان ناتۆ و مۆسکۆ.
بەبڕوای چاودێرانی ئەورووپی، ئەم ترسەی وڵاتانی رۆژاوا وای کردووە زۆربەی هاوکارییەکان بە قۆناغ و بە ئاگاهییەکی زۆرەوە ڕەوانە بکرێن، نەک وەک وەڵامێکی خێرا بۆ داواکارییەکانی کیێڤ. جگە لەوەش، زۆرێک لە وڵاتانی ئەورووپا لە ئێستادا گەیشتوونەتە ئاستێک کە کۆگاکانی چەکی خۆیان خەریکە خاڵی دەبنەوە و ناتوانن بەبێ تێکدانی سیستەمی بەرگریی نیشتمانیی وڵاتەکانیان، چەکی زیاتر ببەخشن، ئەمەش وای کردووە جەخت لەسەر بەرهەمهێنانی نوێ بکرێتەوە نەک تەنها بەخشینی چەکی کۆگاکان.
جگە لەوەش بەرپرسانی ئەورووپی دەڵێن، ئاستەنگی تەکنیکی و لۆجیستی یەکێکی ترە لە هۆکارە سەرەکییەکان کە ڕێگرە لە گەیشتنی خێرای چەکەکان. چەکە نوێیەکانی وەک تانکی ئەبرامز یان فڕۆکەی ئێف-١٦ پێویستیان بە مەشق و ڕاهێنانی درێژخایەنی سەربازان و تیمەکانی چاککردنەوە هەیە. بەرپرسانی سەربازیی ڕۆژئاوا ئاماژە بەوە دەکەن کە گواستنەوەی ئەم تەکنەلۆژیایە تەنها ناردنی ئامێرەکە نییە، بەڵکو پێویستی بە دروستکردنی زنجیرەیەکی ئاڵۆزی دابینکردنی پارچەی یەدەگ، سووتەمەنی تایبەت و شارەزایی مەیدانییە کە مانگ و زۆرجار ساڵانی دەوێت تا ئەنجامەکەی لە مەیدانی جەنگدا دەربکەوێت.
هەروەها نیگەرانییەکی تری جیددی هەیە کە نەکا ئەم تەکنەلۆژیا هەستیار و نوێیانە کە لەلایەن ئەمریکاوە بەرهەمهێنراون بکەونە دەست هێزەکانی ڕووسیا و لە ڕێگەی "ئەندازیاریی پێچەوانەوە" سوودیان لێ ببینرێت بۆ ناسینی نهێنییە سەربازییەکانی ڕۆژئاوا.
لە ڕووی پیشەسازییەوە، کارگەکانی چەک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕووبەڕووی فشارێکی بێوێنە بوونەتەوە. دوای کۆتایی هاتنی جەنگی سارد، زۆربەی ئەم وڵاتانە هێڵی بەرهەمهێنانی چەکی قورسیان کەم کردبووەوە و تەرکیزیان چوو بووە سەر تەکنەلۆژیای ورد، ئێستاش گەڕانەوە بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی پێویست بۆ جەنگێکی فراوان کاتێکی زۆری دەوێت. لە هەمان کاتدا، هەندێک وڵات بەهۆی فشاری سیاسەتی ناوخۆیی و گۆڕانکاری لە ڕای گشتی، دوودڵن لە بەردەوامبوونی پاڵپشتییە دارایییە گەورەکان بۆ کڕینی چەکی نوێ.
ئەم کۆمەڵە هۆکارە پێکەوە وایان کردووە کە ئۆکرانیا، سەرەڕای وەرگرتنی هاوکارییەکی سەربازیی بێوێنە، هێشتا نەتوانێت بەو خێرایییەی دەیەوێت دەستی بە هەموو ئەو چەکە پێشکەوتووانە ڕابگات کە بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هێز لە جەنگەکەدا بە پێویستیان دەزانێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە