48 خولەک پێش ئێستا
146 جار خوێنراوەتەوە
وەزیری سوپای ئەمریکا دەستی لەکار کێشایەوە و چاوەڕێش دەکرێت بەرپرسێکی باڵای دیکەش هەمان هەنگاو بنێت
پەیام
وەزیری سوپای ئەمریکا دان دریسکۆڵ دوای چەندین مانگ لە گرژییەکانی لەگەڵ پێت هێگسێت وەزیری جەنگ، دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی کۆشکی سپی کرد.
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز، دریسکۆڵ کە لە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکاوە نزیکە، بووەتە نوێترین بەرپرسی باڵا کە واز لە وەزارەتی جەنگ دەهێنێت یان ڕووبەڕووی گوشار دەبێتەوە بۆ بەجێهێشتنی وەزارەتەکە، تا ئێستاش روون نییە ئایا کۆشکی سپی دەستلەکارکێشانەوەکەی پەسەند کردووە یان نا، بەڵام هاوکات چاوەڕوان دەکرێت دەیڤ فیتزجێراڵد، جێگری یاریدەدەری وەزیری سوپا بۆ کاروباری داھێنان، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش بکات.
ئەم دەستلەکارکێشانەوەیە، کە پێشتر ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" وەک یەکەم سەرچاوە بڵاوی کردبۆوە، لە کاتێکدایە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوامە لە جەنگ لەگەڵ ئێران و هەزاران سەربازی ئەمریکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر کراون.
سوپای ئەمریکا لە لێدواندان سەبارەت بەم دەستلەکارکێشانەوەیە خۆی بەدوور گرتووە، ئانا کێلی، وتەبێژی کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند دریسکۆڵ ڕۆڵێکی "زۆر کاریگەر" ی هەبووە لە جێبەجێکردنی ئەجێندای سەرۆک دۆناڵد ترامپ لە وەزارەتی سوپادا و، ئاماژەی بە ڕۆڵی ناوبراو کرد لە بەهێزکردنی ئامادەیی و توانای سەربازی و بەشداری لە دانوستانەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا.
ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا لە شوباتی ٢٠٢٥ دامەزراندنی دریسکۆڵی وەک وەزیری سوپا پەسەند کرد.
رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بێت گواستوویەتیەوە، هێگسێت وەک هەڕەشەیەک لە ناو دەزگای بیرۆکراسیدا سەیری دریسکۆڵی کردووە و ماوەیەک بووە ویستوویەتی لە پۆستەکەی دووری بخاتەوە، بەڵام پەیوەندییە نزیکەکەی دریسکۆڵ لەگەڵ جێگری سەرۆک ڤانس ئەم هەنگاوەی دژوارتر کردبوو. جگە لەوەش، دریسکۆڵ ئامادەیییەکی دیاری لە دەرەوەی وەزارەتی بەرگری بەدەستهێنا کاتێک ترامپ هەڵیبژارد بۆ بەشداری لە دانوستانەکان لەگەڵ مۆسکۆ و کیێڤ بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا، کە ئەرکێکی دیپلۆماسی دەگمەن بوو بۆ وەزیری سوپا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە