2 کاتژمێر پێش ئێستا
160 جار خوێنراوەتەوە
ناتۆ هۆشداری لە ناکۆکییە نوێیەکانی ڕووسیا و ئەڵمانیا دا
پەیام
سەرکردەکانی ناتۆ و کۆمیسیۆنی ئەورووپا هۆشدارییان دا لە ناکۆکییە نوێیەکانی نێوان ئەڵمانیا و ڕووسیا، دوای ئەوەی ئەڵمانیا مۆسکۆی بە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر فڕۆکەخانەی لایپزیگ تۆمەتبار کرد.
ئورسولا ڤۆن دێر لایەن، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا ڕایگەیاند: "ڕووداوەکەی لایپزیگ پەرەسەندنێکی نوێیە لەسەر خاکی یەکێتیی ئەورووپا کە ڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ ڕووسیا" ئەمەش تەنها ڕۆژێک دوای ئەوە هات کە ئەڵمانیا مۆسکۆی لەپشت هێرشە شکستخواردووەکەی سەر فڕۆکەخانەی لایپزیگەوە زانی و کونسوڵخانەیەکی ڕووسیای داخست.
لەلایەکی دیکەوە، مارک ڕوتە، سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی نــاتۆ، جەختی لەوە کردەوە کە هاوپەیمانییەکە "بەتەواوی هاوسۆزە لەگەڵ ئەڵمانیا. " لەبەرانبەردا ڕووسیا تەواوی ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە کە ئاراستەی کراون و، وەک کاردانەوەیەکیش بەرانبەر بە سزاکانی ئەڵمانیا، ڕایگەیاند ناوەندە کولتوورییەکانی سەر بە پەیمانگای گۆتەی ئەڵمانی لە ناوخۆی ڕووسیا دادەخات.
ئاژانسە ئەڵمانییەکان بڵاویان کردوەتەوە، ئەو درۆنەی کە ئاراستەی فڕۆکەخانە ئەڵمانییەکە کرابوو لە ڕێگەی ڕۆبۆتێکەوە لە فڕۆکەخانەی لایپزیگ/هالە پووچەڵ کرایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، دوای دە ڕۆژ دۆنێکی دیکە لە هەمان فڕۆکەخانە دۆزراوەتەوە، کە سەنتەرێکی گرنگی ناتۆیە و بە بەردەوامی لە لایەن فڕۆکە بارهەڵگرەکانی ئۆکرانیاوە لە جۆری "ئانتۆنۆڤ" بەکاردەهێنرێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە