1 کاتژمێر پێش ئێستا
158 جار خوێنراوەتەوە
ئهعرهجی: هیچ پاشهكشهیهك له بڕیاری كۆكردنهوهی چهك نیه
ڕاوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند حکومەت لە بڕیاری کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا سوورە و هیچ پاشەکشەیەک لەو بڕیارە نییە.
لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "الحدپ"، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە پرۆسەی کۆنترۆڵکردن و کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بە شێوەیەکی پلەبەپلە بەڕێوە دەچێت و حکومەت بە تەواوی پابەندە بە جێبەجێکردنی. لەبارەی ئەو لایەنەی چەکە کۆکراوەکانی ڕادەست دەکرێت، ئاماژەی بەوە کرد دەستەی حەشدی شەعبی وەک دامەزراوەیەکی فەرمیی حکومی کە ڕاستەوخۆ بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە بەستراوەتەوە، نزیکترین لایەنە بۆ وەرگرتنەوە و بەڕێوەبردنی ئەو چەکانە.
سەبارەت بە بڕیارەکانی پەیوەندیدار بە ئاسایش و بەرگری، جەخت لەوە کرایەوە کە بڕیاری جەنگ و ئاشتی و بەکارهێنانی هێز تەنیا لە دەسەڵاتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندایە و پێویستە تەواوی چەکەکان بچنە ژێر ڕکێف و چەتری دەوڵەتەوە.
لەبارەی گومانەکان سەبارەت بە پاشەکشە لە بەڵێنەکان یان درێژکردنەوەی وادەی دیاریکراو تاوەکو پێش ٣٠ی ئەیلوول، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد هیچ پاشەکشەیەک لە ئارادا نییە. ڕوونیشی کردەوە کە دانووستاندنەکان لە سروشتی خۆیاندا کاتیان پێویستە، هەروەک چۆن لە گفتوگۆ نێودەوڵەتییەکانی وەک نێوان ئەمریکا و ئێراندا ڕوو دەدات، بەڵام لە ناوخۆی عێراقدا تێگەیشتنێکی هاوبەش لەلایەن سەرجەم لایەن و گرووپەکانەوە بۆ دۆخی وڵات بوونی هەیە.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە نابێت بڕیاری کۆکردنەوەی چەک بە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ٣٠ی ئەیلوولەوە ببەسترێتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە لایەنە عێراقییەکان لە کۆتاییدا دەگەنە ڕێککەوتنێک بۆ ئەوەی سەرجەم چەکەکان بە یەکجاری بکەونە ژێر چەتری فەرمیی دەوڵەتی عێراقەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە