60 خولەک پێش ئێستا
114 جار خوێنراوەتەوە
ئەمریكا: ڕۆژانە نۆ ملیۆن بەرمیل نەوت بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت
پەیام
سەرەڕای هەوڵەكانی ئێران بۆ دروستكردنی ئاستەنگ، ئەمریكا ڕایدەگەیەنێت: ڕۆژانە تێكڕا پتر لە نۆ ملیۆن بەرمیل نەوت بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت و هێزی دەریایی وڵاتەكەی توانیویەتی كۆنترۆڵی دۆخەكە بكات.
كریس ڕایت وەزیری وزەی ئەمریكا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "سی ئێن ئێن" ڕایگەیاند: هاتووچۆی كەشتی نەوتهەڵگرەكان لە گەرووی هورمز بەردەوامە و بە هەژماركردنی بۆرییە ستراتیژییەكانی دەوروبەری گەرووەكەش، قەبارەی گواستنەوەی نەوت گەیشتووەتە دوو لەسەر سێ، یان زیاتری ئاستی پێش سەرهەڵدانی جەنگ.
كریس ڕایت جەختی كردەوە "ئێرانییەكان لە كێشەنانەوە بەردەوامن، بەڵام كەشتیگەلی دەریایی ئەمریكا لەم ڕووبەڕووبوونەوەیەدا لە پێشەوەیە و سەركەوتووە"، بە وتەی ئەو "ئێستا ڕۆژانە نۆ ملیۆن بەرمیل نەوت لە گەروەكەوە تێدەپەڕێت".
لەلایەكی دیكەوە سەرەڕای ئەوەی سوپای پاسداران دیمەنی بە ئامانجگرتنی كەشتیەكان بڵاو كردووەتەوە، بەڵام وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا (سێنتكۆم) ڕەتی كردەوە ئێران هیچ كەشتییەكی ئەمریكی بە ئامانج گرتبێت.
ئەم لێدوانە لە كاتێكدایە ئێران بە مەبەستی دروستكردنی فشار لەسەر ئیدارەی واشنتن لە ڕێگەی بەرزكردنەوەی نرخی سوتەمەنی لە بازاڕە جیهانییەكاندا، هەوڵی سەپاندنی گەمارۆ دەدات بەسەر گەرووی هورمزدا كە پێشتر یەك لەسەر پێنجی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕی.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە