2 کاتژمێر پێش ئێستا
48 جار خوێنراوەتەوە
لە ڕاگەیاندنی ئاگربەستەوە تاکو ئەمڕۆ نزیکەی شەش هەزار کەس کوژراون و برینداربوون
پەیام
لە ئاکامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر چەند ناوچەیەکی کەرتی غەززە، پێنج فەلەستینی شەهیدبوون و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون.
سەرچاوە پزیشکییەکان لە نەخۆشخانەی شەهیدانی ئەقسا ڕایانگەیاند، لە ئەنجامی بۆردومانکردنی قوتابخانەیەک لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە کە ئاوارەکانی تێدا نیشتەجێ ببوون، منداڵێک شەهیدبووە و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون. هاوکات لە نەخۆشخانەی شیفاوە ڕاگەیەندرا کە لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر گەڕەکی ڕیمال لە ڕۆژئاوای شاری غەززە، چوار فەلەستینی دیکە شەهیدبوون و ژمارەیەک هاووڵاتیش بریندار بوون.
ئەم هێرشانە لەکاتێکدان کە ڕۆژی یەکشەممەش لە ئاکامی بۆردومانکردنی ئۆتۆمبێلێک لە گەڕەکی نەسر لە شاری غەززە، فەلەستینییەک و کچەکەی شەهیدبوون. هەروەها ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، دانیشتووانی غەززە تەرمی نزیکەی ۱۰۰ کەسیان بە خاک سپارد کە ٤٠یان منداڵ بوون؛ ڕووفاتی ئەم کەسانە دوای نزیکەی سێ ساڵ لە شەهیدبوونیان، لەژێر داروپەردووی خانووە ڕووخاوەکانی گەڕەکی زەیتووندا دەرهێنرابوونەوە.
لە لایەکی دیکەوە، بزووتنەوەی بەرگریی ئیسلامی (حەماس) ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات بە پێشێلکردنی ئاگربەست بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، کە کشانەوەی ئیسرائیل لە کەرتەکە و داماڵینی چەکی بزووتنەوەکە لەخۆدەگرێت.
بەپێی وتەی بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە، لە کاتی چوونە بواری جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست و، تا پێرێ پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل بەرانبەر ڕێککەوتنی ئاگربەست بوونەتە هۆی شەهیدبوونی هەزار و ٣٤٤ فەلەستینی و برینداربوونی ٤ هەزار و ٤٦٤ کەسی دیکە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە