1 کاتژمێر پێش ئێستا 29 جار خوێنراوەتەوە

ڕاپۆرت؛ وێرانکردنی ژێرخانی کەمپەکان بۆ کۆچپێکردنێکی بێدەنگ

پەیام

بەپێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان کۆچپێکردنی زۆرەملێی ٣٣ هەزار فەلـەستینی لە کەناری ڕۆژئاوا پشتڕاست کراوەتەوە و، هاوکات جووڵەی سیاسی و سەربازی ئیسرائیل و هەوڵەکان بۆ چۆڵکردنی غەززە نیگەرانیی نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە و چەندین وڵات هۆشدارییان لەو بارەیەوە داوە. 
 
 دوای ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بە کۆچپێکردنی زۆرەملێی دانیشتووانی کەمپەکانی جنین، تولکەرم و نور شەمس لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوا، نیگەرانییەکان لەوبارەیەوە زۆرتر بوون و  شارەزایەکی سیاسی عەرەبیش دەڵێت، ئەم بارودۆخە "نەکبەی دووەم" و "کۆچپێکردنی بێدەنگ" ـە، کە بەهۆی گوشاری ئابووری و ئەمنییەوە گەنجان ناچار بە کۆچکردن دەکرێن. 

ئەم پرسە هاوکاتە لەگەڵ دووبارە خستنەڕووی پلانەکانی هێزە ڕاستڕەوەکانی ئیسرائیل بۆ چۆڵکردنی کەرتی غەززە، کە لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکاندا بووەتە کارتێکی گرنگی ململانێی سیاسی. لەم چوارچێوەیەدا، مایک هاکابی، باڵیۆزی ئەمریکا لە تەلئەبیب، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر بەرپرسیارێتی ئیسرائیل بۆ پاراستنی فەلەستینییەکان، بوونی هەر پلانێکی بۆ کۆچپێکردنی دانیشتووانی غەززە ڕەت کردەوە. 

دکتۆر ئەمجەد شەهاب، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان، ئاماژە بەوە دەکات کە حکومەتی ئێستای ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە ستراتیژی "یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی فەلەستین" ی گرتووەتە بەر. بە بڕوای ئەو، ئیسرائیل لە قۆناغی بەڕێوەبردنی ململانێوە هەنگاوی ناوە بەرەو بەڕێوەبردنی خودی دانیشتووان بە مەبەستی گۆڕینی دیموگرافیا. 

شەهاب دەڵێت وێرانکردنی ژێرخانی کەمپەکان بە بیانووی چالاکیی چەکداری، لەگەڵ ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان یەکناگرێتەوە کە بارودۆخەکە وەک کۆچپێکردنی زۆرەملێ نەک ئارەزوومەندانە وەسف دەکەن. ئەو دەڵێت ئەم سیاسەتە تەنانەت شارەکانی وەک ڕامەڵڵاشی گرتووەتەوە، کە سەرەڕای هەماهەنگی ئەمنی، دەست بەسەر زەوییەکانیدا دەگیرێت بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی فەلەستینییەکان کە ئێستا لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوا نزیکەی ٣.٤ ملیۆن کەسن. 

هاوکات لەگەڵ ئەو ستراتیژە کە دەسەڵاتی سیاسی قەوارەی زایۆنی پیادەی دەکات، دەستەی پەخشی ئیسرائیل لە زاری ییسرائیل کاتس، وەزیری بەرگرییەوە بڵاوی کردوەتەوە، لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆکوەزیران، فەرمانیان بە سوپا کردووە خۆی بۆ "شەڕێکی گشتگیر دژی تیرۆر" لە کەناری ڕۆژاوا ئامادە بکات. 

کاتس هەڕەشەی ئەوەشی کردووە کە ئەگەر ئامادەکاریی بۆ هێرشێکی هاوشێوەی حەوتی ئۆکتۆبەر پشتڕاست بکرێتەوە، ئەوا شەڕێکی فراوان بەرپا دەکەن. ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە کە ڕێگە نادەن ڕاپەڕینێک لە کەناری ڕۆژاوا دروست بێت کە ساڵانێک بخایەنێت، بەڵکوو کار دەکەن بۆ ئەوەی بە خێرایی و بە یەکجاری کۆتایی بە ڕووبەڕووبوونەوەکان بهێنن، کە بەپێی شارەزایانی سیاسی عەرەبی ئەو ئامادەکاریی و ڕاگەیاندنە بەشێکە لەو ستراتیژەی کە دەسەڵاتی سیاسی ئیسرائیل بۆ کۆچپێکردنی فەلەستینییەکان پیادەی دەکات. 

لەکۆتاییدا، دکتۆر ئەمجەد شەهاب، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان، ئەم بارودۆخە بە "نەکبەی دووەم" و "کۆچپێکردنی بێدەنگ" وەسف دەکات، کە بەهۆی گوشاری ئابووری و ئەمنییەوە گەنجان ناچار بە کۆچکردن دەکرێن، هاوشێوەی ساڵی ١٩٤٨ کە تێیدا ٥٥٠ گوند وێرانکران. بەڵام ئێلعاد ئەم گێڕانەوە مێژووییە ڕەت دەکاتەوە و گەڕانەوەی ئێستای دانیشتووانی کەمپەکان بۆ سەر ماڵەکانیان تەنها بە کۆتاییهاتنی پاکتاوکردنی ماڵەکانەوە دەبەستێتەوە، ئەمەش وایکردووە ناکۆکییەکان لەنێوان مافی تیۆریی گەڕانەوە و واقیعی سەر زەویدا بەردەوام بن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

  • 1 کاتژمێر پێش ئێستا

    ڕاپۆرت؛ وێرانکردنی ژێرخانی کەمپەکان بۆ کۆچپێکردنێکی بێدەنگ

  • 2 کاتژمێر پێش ئێستا

    یسرائیل کاتس: فەرمانمان بە سوپا کرد خۆی بۆ شەڕێکی گشتگیر ئامادە بکات

  • 2 کاتژمێر پێش ئێستا

    کەناری رۆژاوا... بە چەقۆ هێرش کرا و کەسێک بە سەختی بریندار کرا

  • 4 کاتژمێر پێش ئێستا

    له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا له‌ یه‌مه‌ن نزیكه‌ی ٣٠٠ كه‌س كوژراون

  • 5 کاتژمێر پێش ئێستا

    لوبنان. لە هێرشێکی ئاسمانییدا ١٠ کەس کوژران و داوای چۆڵکردنی چەند ناوچەیەکیش کرا

  • 6 کاتژمێر پێش ئێستا

    لە ڕاگەیاندنی ئاگربەستەوە تاکو ئەمڕۆ نزیکەی شەش هەزار کەس کوژراون و برینداربوون

  • 18 کاتژمێر پێش ئێستا

    ئەمریكا: ڕۆژانە نۆ ملیۆن بەرمیل نەوت بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت

  • 22 کاتژمێر پێش ئێستا

    ئێران: لەگەڵ ئەمریكادا لە شەڕێكی چارەنووسسازداین

سەرەتا