2 کاتژمێر پێش ئێستا
85 جار خوێنراوەتەوە
کەشتییەکی نەفەرهەڵگر بە ٢٤٣ سەرنشینەوە لە ئیندۆنیزیا دیارنەما
پەیام
کەشتییەکی نەفەرهەڵگر بە ٢٤٣ سەرنشینەوە لە دەریای جاڤا لە ئیندۆنیزیا دیارنەما. تا ئێستا ١٠٣ کەس لە سەرنشینانی ڕزگارکراون و، تیمەکانی فریاگوزاری ئیندۆنیزیا بەدوای ١٤٠ کەسی دیکەدا دەگەڕێن.
ئاژانسی گەڕان و فریاگوزاریی ئیندۆنیزیا ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە پەیوەندییان بەو کەشتییەوە پچڕاوە. کەشتییەکە کە ناوی "ڤێرگۆ ترانسپۆرت ٨" ـە، ڕۆژی شەممە لە شاری سورابایا لە ڕۆژهەڵاتی جاڤا بەرەو شاری بانجارماسین لە باشووری کالیمانتان بەڕێکەوتبوو.
لە لێدوانێکی ڤیدیۆییدا، ئای پوتو سودایانا، بەرپرسی نووسینگەی ئاژانسەکە لە بانجارماسین ئاماژەی بەوە کرد، لەلایەن چەند کەشتییەکی جیاوازەوە توانراوە ١٠٣ کەس لە ڕووداوەکە ڕزگار بکرێن و بەشێکیان ڕەوانەی بەندەرێکی ڕۆژهەڵاتی جاڤا کراون. ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، تیمەکانی فریاگوزاری ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی گەڕانیان دەستپێکردووە و تیمێک لەگەڵ چەند کەشتی و کۆپتەرێک ڕەوانەی دوایین شوێنی دەرکەوتنی کەشتییەکە کراون، بێ ئەوەی ئاشکرای بکات کە چارەنووسی خودی کەشتییەکە بە کوێ گەیشتووە.
ئیندۆنیزیا لە نزیکەی ١٧ هەزار دوورگە پێکهاتووە، بەشێوەیەکی سەرەکی پشتی بە کەشتییە نەفەرهەڵگرەکان بەستووە وەک هۆکارێکی گرنگی گواستنەوە، ئەمەش بەهۆی ئاسانیی دەستگەیشتن و کەمیی تێچووەکەی بەراورد بە گەشتی ئاسمانی.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە