2 کاتژمێر پێش ئێستا
123 جار خوێنراوەتەوە
ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ جارێکی دیکە یاسای دەسەڵاتەکانی جەنگی پەسەندکرد
ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە زۆرینەی ۲۲۰ دەنگ بەرانبەر ۲۰٤ دەنگ، یاسای دەسەڵاتەکانی جەنگی بۆ سنووردارکردنی ڕێکارە سەربازییەکانی دۆناڵد ترامپ دژی ئێران پەسەندکرد.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "زە هیڵ" ی ئەمریکی، دەنگدانەکە ڕۆژی سێشەممە بەڕێوەچوو و بڕیارنامەکە لەلایەن سێس موڵتن، ئەندامی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران پێشکەش کرابوو. ئامانجی سەرەکیی ئەم هەنگاوە کۆنتڕۆڵکردن و سنووردارکردنی ئەو کردارە سەربازییانەیە کە ئەگەری هەیە لەلایەن دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکاوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێراندا بگیرێنە بەر.
ئەمە سێیەمین جارە ئەنجومەنی نوێنەران بڕیارێکی هاوشێوە سەبارەت بە دەسەڵاتەکانی جەنگ پەسەند دەکات. بەپێی ئامارەکان، پشتیوانیی ئەندامانی پارتی کۆماری بۆ ئەم بڕیارنامەیە زیادی کردووە، بە شێوەیەک ژمارەی ئەو کۆمارییانەی دەنگی ئەرێنییان بە بڕیارنامەکە داوە لە ٤ ئەندامەوە بۆ ٧ ئەندام بەرزبووەتەوە.
ئەو حەوت ئەندامەی کۆمارییەکان کە پێچەوانەی ڕێڕەوی گشتیی پارتەکەیان دەنگی بەڵێیان بۆ پڕۆژەکە دا بریتیین لە: تۆماس ماسی، نوێنەری ویلایەتی کێنتاکی. برایان فیتزپاتڕیک، نوێنەری ویلایەتی پێنسلڤێنیا. وارن دەیڤیدسۆن، نوێنەری ویلایەتی ئۆهایۆ. تۆم بارێت، نوێنەری ویلایەتی میشیگن. ماریانێت میلەر میکس، نوێنەری ویلایەتی ئایۆوا. زاک نون، نوێنەری ویلایەتی ئایۆوا. نانسی مەیس، نوێنەری ویلایەتی کارۆلاینای باشوور.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە