2 کاتژمێر پێش ئێستا
140 جار خوێنراوەتەوە
سعودیه: به توندی وهڵامی هێرشی مووشهكی و درۆنی حوسییهكان دهدهینهوه
پهیام
بەهۆی هێرشی مووشەکی و درۆنی حووسییەکان بۆ سەر باشووری سعوودیە، ١٣ هاووڵاتی مەدەنی بریندار بوون. ڕیازیش بەڵێنی وەڵامدانەوەی توندی داوە و تارانیش هەر جۆرە تێوەگلانێک لەو گرژییانە ڕەت دەکاتەوە.
هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعوودیە بەیانی ئەمڕۆ ڕایگەیاند، حووسییەکان زنجیرەیەک هێرشیان لە ڕێگەی مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کردوەتە سەر باشووری سعوودیە.
لیوا ڕوکن تورکی مالیکی، وتەبێژی هاوپەیمانییەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ئاماژەی بەوە داوە کە هێرشەکان ناوچە مەدەنییەکانی لە شارەکانی خەمیس موشەیت، ئەبها و تائیف کردووەتە ئامانج.
بەپێی لێدوانەکەی مالیکی، لە ئاکامی ئەو هێرشانەدا ١٣ هاووڵاتیی مەدەنی بریندار بوون کە برینەکانیان لەنێوان سووک و مامناوەنددایە. هاوکات زیانی ماددیش بەر حەوت ماڵی نیشتەجێبوون و دوو ئۆتۆمبێل کەوتووە.
لەبەرانبەردا، چەکدارانی حووسی کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، سعوودیە بەوە تۆمەتبار دەکەن کە لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە ٥٠ هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر ناوچەکانیان. لە کاردانەوەی ئەم پێشهاتانەدا، سعوودیە جەختی لەوە کردەوە کە بە "توندی" وەڵامی ئەو هێرشانە دەداتەوە.
لەلایەکی دیکەشەوە، تاران بە فەرمی هەر جۆرە ڕۆڵێکی خۆی لەم ململانێ نوێیەدا ڕەت کردەوە، کە هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە